د.هاوری عەزیز مەنسور بەگ
٤٠ ساڵ بەر لە ئێستا، كاتێك ئەوروپاییەكان رێككەوتننامەی دروستكردنی لوولەی گازی نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوایان بۆ گواستنەوەی گازی رووسیا لە (سیبیریا)وە بۆ ئەوروپا واژۆ كرد، رۆناڵد رێگن بە توندترین شێوە بەرەنگاری فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا بووەوە.

 سەرۆكی ئەوكاتەی ئەمەریكا، بۆ رێگەگرتن لە راكێشانی لوولەی گواستنەوەی گازی سروشتیی رووسی بۆ ئەوروپا، گەمارۆیەكی ئابووری و ته‌كنۆڵۆجی بەرفراوانی خستە سەر ئەو كۆمپانیایانەی ئەركی دروستكردنی لوولە گازەکەیان لە ئەستۆ گرتبوو.


 نێوانی ئەمریكا و ئەوروپا هێندە ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینی كە مارگرێت تاتچەری سەرۆك وەزیرانی ئەو سەردەمەی بەریتانیای ناچاركرد لە ساڵی 1982 لە دیدارێكدا لەگەڵ تۆڕی BBC بڵێت: "ئێمە بە سەختی لەلایەن یەكێك لە هاوپەیمانەكانمانەوە برینداركراوین". مەبەستی مارگرێت تاتچەر سزا سەختەكانی سەرۆك رێگن بوو بۆ سەر ئەوروپا.


 رێگن چەندین هۆكاری هەبوو بۆ ئەوەی بەرەنگاری پڕۆژەی گواستنەوەی گازی رووسی بۆ ئەوروپا بێتەوە. یەكێك لە هۆكارەكان ئەوەبوو كە ئەوروپا نابێت پشت بە نەیارێكی گەورەی وەك رووسیا ببەستێ بۆ دابینكردنی وزە.

رێگن ئەوكات هۆشداری دا كە ئەوروپا دەبێتە بارمتەی دەستی رووسیا، هەركاتێكیش رووسیا بیەوێت، دەتوانێت ئەوروپا بۆ سازشكردن لەسەر پێشهاتە چاوەڕواننەكراوەكان ملكەچ بكات.

ئێستا سەرۆكی رووسیا، فلادیمێر پوتین، دوای ٤٠ ساڵ لە پێشبینییەكەی سەرۆک رێگن، لە ڕێگای پرۆژەی (Nord Stream 2) دەیەوێت گازی سروشتی بگەیەنێتە ئەڵمانیا. لوولەکە لە ڕووسیاوە بەرەوە ئەڵمانیاوە دێت و بە ژێر دەریای بەلتیقدا تێدەپەڕێت، لە هەمووشی گرینگتر بۆ ڕوسیا ئەوەیە کە لوولەی گازەکە، وەک ئەوەی پێشوو، بە ناو خاکی ئۆکرانیادا تێناپەڕێت.

وا پێدەچێت پرۆژەی (Nord Stream 2) پلانی پێشوەختەی مۆسکۆ بێت بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا!! لە ئەگەری بەرپابوونی جەنگ، ڕووسیا دەیوێت هەر بەردەوام بێت لە فرۆشتنی گاز بە ئەوڕوپا و لوولەی گازیش نەکەوێتە ژێر هێرشی سوپای ئۆکرانیا، ئەوڕوپاییەکان لەبەر هۆکاری وابەستەییان بە گازی سروشتی ڕووسیا، چاوپۆشی لەو داگیرکردنە بکەن.

ئێستا ئەوڕوپاییەکان لە خەوێکی قووڵی ٤٠ ساڵە ڕاچەڵەکیون، مۆسکۆ، ئۆکرانیا داگیر بکات، یەکێتی ئەوڕوپا ڕاستەوخۆ دەبێتە دراوسێی ئەو دێوەزمەیەی کە لە جیهان پێی دەگوترێت ڕووسیا.

هەر بۆ دەستەمۆکردنی ئەوڕوپاییەکان و دەمکوتکردنیان کە چاوپۆشی لە سیاسەتی فراوانخوازی مۆسکۆ بکەن، ڕووسیا خەریکی هاندانی بەلەڕوسە لە ڕێگای بە لێشاو ناردنی کۆچبەران بۆ ئەوڕوپا و سەرقاڵکردنیان بە کێشەیەکی لاوەکی، لە پشت پەردەی ئەو کێشە لاوەکییە، مۆسکۆ خەریکی ئامادەکارییە بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا و لەرزاندنی عەرشی یەکێتی ئەوڕوپا.
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©