نووسینی :الاء مهد اسماعیل

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هیوا جەلال


ئەفرام نەوام چۆمسکی؛ پرۆفیسۆری زانستی زمان و فەیلەسوفێکی ئەمریکییە، لەگەڵ ئەوەشدا مەعریفەناس و زانای ژیربێژیی(لۆژیک) و مێژوونووس و ڕەخنەگر و چالاکی سیاسییە.
لە بەشی زانستی زمان و فەلسەفە لە پەیمانگای (ماساتشوستس بۆ تەکنەلۆژیا)، پرۆفیسۆری فەخرییە.
چۆمسکی باوکی زمانەوانیی نوێیە و یەکێکە لە بەناوبانگترین زمانەوانەکانی ئەم سەردەمە، کارە زمانەوانییەکانی لەسەر بنەمای قوتابخانە فەلسەفییەکان بونیادناوە، لە ڕێگەی تیۆریای (بەرهەمهێنان و گوێزانەوە)وە، لەزانستی زماندا بەشدارێکی سەرەکییە، کەواتە چییەتی ئەم تیۆریایە چییە؟ چۆن زانستەکانی زمان و فەلسەفەی زمانی گۆڕی؟
فەلسەفەی چۆمسکی لە ڕووی توێژینەوەوە، لەسەر بنەمایەکی مەعریفییە، کە ئاراستەیەکی عەقڵانیی لە خۆیدا هەڵگرتووە، هەروەها فەلسەفەکەی بەردەوامییدان بوو بە فەلسەفەی شیکاریی، کە تێدا زمان بە سەنتەری شیکاریی فەلسەفیی دانراوە.
چۆمسکی لە شیکردنەوەکەیدا، لەبارەی چۆنییەتی بەکارهێنانی زمانەوە، بەرهەڵستیی قوتابخانەی دەروونناسیی ڕەفتارگەرایی دەکرد، بەوەی کە زمان  دەرکەوتەیەکی سرووشتییە.
باوەڕی وایە، منداڵ کە فێری زمان دەبێت، لە بوونی خۆیدا و لە کاتی لەدایکبوونیەوە، خاوەنی توانایەکی عەقڵیی زمانەوانییە بۆ فێربوونی زمان، بەڵام بەکارهێنانی زمان بۆ کەسانی پێگەیشتوو، گوزارشتە لە ڕاهاتن و ڕاهێنانی زەینی و وەرگرتنی زمانیش بریتییە لە سیفەتی سرووشتیی.
تیۆری (بەرهەمهێنان و گوێزانەوە) زانستی زمان و فەلسەفەی زمانی بەشێوەیەکی ڕیشەیی گۆڕی.
 لەڕاستییدا ئەم تیۆریایە گوزارشتە لە دوو تیۆریای تەواو، تیۆریای (بەرهەمهێنان) بریتییە لە کۆمەڵە یاسایەک، کە لە ڕێگەی کۆمەڵێک وشەوە، ژمارەیەکی زۆر ڕستەی بێکۆتایی بەرهەمدەهێنێت، بەڵام تیۆریای (گوێزانەوە) مانای جێبەجێکردنی کۆمەڵە یاسایەکە، کە بریتیین  لە (لابردن و جێگرتنەوە و زیادکردن و جێگۆڕکێ) لەسەر ڕستەکان.
چۆمسکی جەختی لەوە دەکردەوە، کە مێشکی مرۆڤ لە ڕووی بایەلۆجییەوە، بۆ فێربوونی زمان بەرنامەڕێژە، لەگەڵ ئەوەشدا توانای عەقڵیی بۆ فێربوون، توانایەکی سرووشتییە، نەک ڕەفتاریی.
چۆمسکی هەڵگری ئەو باوەڕەیە، کە توانای سرووشتیی فێربوونی زمان لە لایەن مرۆڤەوە، گوزارشتە لە کۆمەڵێک ئامراز و توانای زمانەوانیی ڕەمەکیی(غەریزیی)، لە کاتی کارلێککردن لەگەڵ ژینگەی زمانەوانییدا، لە قۆتاغی منداڵییەوە گەشەدەکات. ئەم ڕەمەکانەیش بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی زمانەوانیی و کۆگاکردنیان و پێکهێنانی ڕێزمانی زمانی دایک یارمەتییدەرن، لە قۆناغی بەرەو پێگەشتدا، تا گەیشن با قۆناغی تەواوەتیی و جێگیربوون، منداڵ دەتوانێت ڕستەکان دابڕێژیتەوە و تێیانبگات، بێکۆتایی ئەو ڕستانە دەرببڕێت، کە پێشتر دەرینەبڕیوون، یان گوێیلێیاننەبووە.
ئەمەیش چەمکی داهێنانە، کە مرۆڤ بە (بیرکردنەوە و زمان و ژیریی) لە بوونەوەرەکانی دیکە جیادەکرێتەوە. گەمژەترین کەسەکان دەتوانن لە نێوان خۆیاندا قسەبکەن، بەڵام زیرەکترین ئاژەڵەکان هەرگیز ناتوانن ئەوە بکەن.
ئەوەی چۆمسکی لە زانستی زماندا جیادەکاتەوە، بیرۆکەی سرووشتیی و زەینییە، کە ڕووبەڕووبوونەوەی بوو، لەگەڵ قوتابخانەی ڕەفتارگەراییدا و لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا بە بەربڵاوی دەرکەوت.
بە هۆی بیری شۆڕشگێڕانەی چۆمسکییەوە، بیری ڕەفتارگەرایی کۆچیکرد و بوو بە پاڵنەرێکیش بۆ  دەروونناسیی مەعریفیی.
ئەم گوێزانەوە جۆرییە، بە شۆڕشی چۆمسکی دەناسرێ، چۆمسکی لە توێژینەوەی زماندا، ڕێبازی عەقڵانیی گرتەبەر و بەرهەڵستی قوتابخانەی ئەزموونگەرایی دەکرد، فەلسەفەکەی لە زماندا کاریگەریی ڕوونی هۆکارگەرایی و عەقڵگەرایی پێوە دیارە، ئەمەیش بۆ عەقڵ  پێکهێنەری خاسێتە و سەرچاوەی بنەڕەتیی مەعریفەیە.
بیرکردنەوەکانی چۆمسکی ئیلهامیان لە (ئەفلاتون و دیکارت و سپینۆزا و کانت) وەردەگرت، چۆمسکیش شوێنهەگری ئەو تیۆریای دیکارت بوو، کە دەیوت: "من بیردەکەمەوە، کەواتە من هەم" کە دەبێتە بناغەدارێژی دەقیی مەعرییفی.
کارەکانی چۆمکسی دەکەوێتە سەر هێڵی فەلسەفەی شیکاریی، کە تێیدا لۆژیک و زمان، لە تیۆریزەکردندا ڕۆڵی بنەڕەتییان هەیە، لۆژیک و بیرکارییش ئەرکێکیان دەبێتە شیکاری زمانەوایی، لە ئەنجامیشدا زمانێکی  فەڕمی و ڕوون دێتەبەرهەم.
چۆمسکی لە تیۆریای(بەرهەمهێنان و گوێزانەوە)دا، کۆمەڵێکی بچوک لە سایا دادەڕێژێت، کە دەکرێ لە ڕێی ئەو یاسایانەوە، بەشێوەیەکی درووست، بۆ داڕشتنی ڕستەی ڕێزمانیی، كۆمەڵێک ڕێکخستنی لەبار بەرهەمبێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەکارهێنانی لۆگاریتم دەگرێتەوە، بۆ پێشبینیکردنی ڕستەی ڕێزماندرووست.
چوارچێوەی بیری چۆمسکی، لەسەرەتادا بۆ پێکهێنانی ڕستە دەگەڕێتەوە، کارەکانیشی لەنێوان فەیلەسوفاندا کاریگەرییەکی دیاری هەیە.
تیۆریاکەی چۆمکسی لە ڕێگەی هەر دوو بونیادی ڕستە (بوونیادی قووڵ، بونیادی ڕووکەش)ەوە، لە نەریتی فەلسەفەی شیکارییدا،  بوو بە بابەتێکی کاریگەر و یەکلاکەرەوە، ئامانجی ئەوە بوو، ڕوونیبکاتەوە، کە بوونیادی ڕووکەش: (شێوەی ڕستەکان دیاریدەکات و وەکو دیاردەیەکی ماددیی ڕێکیدەخات)، بەڵام بونیادی قووڵ: (بریتییە مانا و دەلالەتەکان).
سێ هۆکار وایان کرد، کە پێگەی چۆمسکی لەنێوان فەیلەسوفانی شیکارییدا دەربکەوێت:

۱.بەشداریی گەورەی چۆمکسی لە گۆڕینی   بناغەی زانستە مرۆییەکاندا، هەروەها چۆمسکی لە گۆڕینی قوتابخانەی ئەزمونگەراییدا و لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا بەشداریی بەرچاوی هەبوو.
۲.نووسینی کتێبی (Aspects of the Theory of Syntax)ی چۆمسکی، لە ساڵی(۱۹٦٥)دا، بوو بە بنەمای تێگەیشتنی مەعریفیی بۆ زانستی زمان و فەلسەفە و بوو بەهۆی فروانکردنی چوارچێوەی کاری نوێ، بۆ دۆزینەوەی وردەکارییەکانی زمانی مرۆڤ و عەقڵ.
۳.بەرگریی بەردەوامی چۆمسکی لە بۆچوونەکانی و ئەنجامدانی چەندین  گفتوگۆی گرنگ، لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکانی فەلەسەفەی شیکاریی و ڕەخنەیی، لە گرنگترینیان: (مێشێل فۆکۆ، جولیا کریستیفا، جاک درێدا..هتد).

سەرچاوە:

https://www.syr-res.com/article/7279.html
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©