هەندێک ڕەفتار و هەڵسوکەوت هەیە کە ڕۆژانە خەڵکی دەیکەن، هۆکارن بۆ کۆتاییهاتنی ژیانی خەڵکی بە خۆکوژی! بۆ هەریەکە لەو ڕەفتارانەی خوارەوە چەندین نمونە هەیە و ڕۆژانە دووبارە دەبنەوە کە بوونەتە هۆی ئەوەی کەسێک خۆی بکوژێت. ئەمەش بەرپرسیارییەتی قسە و کردەوەکانمان دەگەیەنێت کە لە شتێکدا کە شارەزاییمان نییە قسە نەکەین و کارێک نەکەین ببینە بارگرانی بۆ ئەوانی تر.


له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر جەعفەر پزیشکی پسپۆری دەروونی نمونەی چەند ڕەفتارێک ده‌خاته‌ ڕوو کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی خۆکوشتنی کەسی بەرانبەر:


1- کەسێک نەخۆشییەکی دەروونیی هەیە وەکو خەمۆکی یان شیزۆفرینا؛ کەسوکار کەمتەرخەمی دەکەن لە بردنی بۆ چارەسەر و پێیانوایە ئەو نیشانانە ئاسایین، تەنانەت ڕێگریش دەکەن لە وەرگرتنی چارەسەری دەروونی!


2- کەسێک نەخۆشییەکی دەروونی هەیە؛ و کەسوکاری گاڵتە و سوکایەتی پێدەکەن و بە ناو ناتۆرەی ناشیرین ناوزەندی دەکەن، دەرئەنجام لە پرۆسەی چارەسەری دێتە دەرەوە و فشارەکان و نەخۆشییەکەی توندتر دەبێت.


3- کەسێکە نەخۆشی دەروونی هەیە و دەرمانی بۆ نوسراوە؛ کەسێک بەناوی پسپۆڕی دەروونی دەرمانەکانی دەوەستێنێت بەبیانوی ئەوەی کە دەرمان پێویست ناکات و دەبێت خۆی خۆی چاک بکات، یان پەرستارێک بەبیانوی ئەوەی دەرمانەکان زیانی هەیە ڕێنمایی دەکات دەرمان نەخوات.


4- کەسێک کێشە یان نەخۆشی دەروونی توشبووە؛ دەبرێتە لای کەسانێک کە بازرگانی بە دینەوە دەکەن و هۆکارەکەی بۆ جادو و نوشتە و جن دەگەڕێننەوە، دەرئەنجام نەخۆشەکە هێندەی تر باری دەروونی تێکدەچێت و دوورنییە بکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو باوەڕە هەڵانەوە و بەوهۆیەوە ژیانی لەناوبچێت، بەتایبەت ئەو نەخۆشانەی هەلوەسەیان هەیە، باوەڕیان بە هەلوەسەکەیان زیاتر دەبێت یان هیچ پاش سەردانی چەندین چارەسەرکاری لەمشێوە ڕێگەیەکی ڕزگاری نادۆزنەوە و بێهیوادەبن.


5- گەنجێکە بێهیوابووە لە ژیان؛ لە ڕێگەی میدیاوە هێندە وێنەی ژیانی خەیاڵی جوانی گەنجانی وڵاتانی نیشاندەدەیت و خۆشی و چێژ دەکەیتە تاکە ئامانجی ژیان، ئەم گەنجەش دەستی پێناگات و دەرئەنجام دەرچەیەک نادۆزێتەوە جگە لە خۆکوشتن.


6- گەنجێکە توشی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی یان عاتفی بووە؛ خێزانەکەی لێیتێناگەن و فشاری زیاتری دەخەنە سەر و میکانیزمی هەڵەی وەکو توندوتیژی بەرانبەری بەکاردەهێنن، و گەنجەکەش دەتەقێتەوە و پەنا بۆ ئەم ڕێگە هەڵەیە دەبات.


7- ژنێکە هاوسەرەکەی لێیتێناگات و گرنگی پێنادات؛ چەندین جار هەڕەشەی خۆکوشتنی کردووە، بەڵام پیاوەکە بێباک بووە لێی، تەنانەت هەیە هانی دەدات کە ئەو کارە بکات، بە بیانوی ئەوەی کە تەنها قسەیە و نابێتە ڕاستی!


8- لە خوێندن دوادەکەوێت یان دەرناچێت؛ لە خوێندنگە یان ماڵەوە فشارێکی زۆری بۆ دروستدەکرێت، بەشێوەیەک کە ئەگەر جارێکی تر دەرنەچوو جگە لە خۆکوشتن، چارەسەری تری نەبێت.


9- توشی کێشە یان ئەزمەیەکی دارایی بووە؛ خێزان و هاوڕێ و کۆمەڵگە بە تەنیا جێیدەهێڵن و وازیلێدێنن هێندەی تر بێهیواببێت.


ئەگەر یەکێک لەم ڕەفتارانەت هەبووە، ئەوە دڵنیابە لەوانەیە تۆ هۆکاری مردنی کەسێک بووبیت، لەبەرئەوە هەرگیز ئەم ڕەفتارە هەڵانە مەکە و بەپێچەوانەوە ببە پشتیوانی ئەو کەسانەی پێویستیان پێتە و هەوڵبدە بیانگەیەنیتە چارەسەری دروست و پێویست.
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©