"جاری یەکەم دەبێت حەزبکەم لیڤەرپوول بدۆڕێت" ئەمە قسەی ستیڤن جێراردی ئەفسانەی لیڤەرپوولە، کە دوای 17 ساڵ یاریکردن بۆ رێدز، ئەمڕۆ وەک راهێنەری ئاستۆن ڤێلا دەگەڕێتەوە ئانفێڵد بۆ بردنەوە لەو یانەیەی کە وەک کاپتن جامی چامیۆنزلیگی بۆی بەرزکردووەتەوە.

جێرارد کە بەڵێنی داوە لەم یارییەدا هەستەکانی لە لایەک دابنێت، هەوڵدەدات وەک خۆی گوتی کارەکان لە یۆرگن کڵۆپ و یاریزانەکانی زەحمەت بکات.

جێرارد ئەو راستییە دەزانێت کە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان تیپەکەی و لیڤەرپوولدا هەیە، بەڵام بەهیوای بردنەوەش دەچێتە ئانفێڵد، کە دوای بوونی بە راهێنەری ئاستۆن ڤێلا لە 4 یارییدا 3 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و تەنیا بە مانچێستەر سیتی پێشەنگ دۆڕاوە.

کڵۆپ کە تیپەکەی بە 34 خاڵ لە پلەی دووەمە، ناتوانێت لەم یارییەدا بۆ هێرشبردن سوود لە تواناکانی فێرمینیۆ و جۆتا وەربگرێت، هارڤی ئیلۆت و کۆرتێس جۆنزیش ئامادە نابن، بەڵام ئەمە بەس نییە بۆ ئەوەی تیپەکەی لە بەرامبەر تیپی جیرارد دەستەوەتان بمێنێتەوە، چونکە ئەو هێشتا محەممەد سەڵاح و سادیۆ مانێی لە هێڵی پێشەوەدا هەیە، کە هەمیشە مەترسین بۆ سەر گۆڵی تیپی رکابەر.

رێدزەکان لە هێڵی دواوە بە رۆبێرتسۆن، ڤان دایک، ماتیپ و ئاڕنۆڵدەوە یارمەتی ئەلیسۆنی گۆڵپارێز دەدەن بۆ بەرگریکردن لە گۆڵەکەیان، کە هەر کاتێ ئەم چوار بەرگریکارە پێکەوە یاری بکەن، شکستی لیڤەرپوول لەنێو ئانفێڵددا دەبێتە نیمچە مەحاڵ.

جێرارد ئەگەرچی بە ورەیەکی بەرزەوە دەست بەم یارییە دەکات، دوای ئەوەی لە گەڕی رابردوودا سەرکەوتنێکی گرنگی بەسەر لێستەر سیتیدا بەدەستهێنا، بەڵام ئەویش لە تواناکانی هەرسێ یاریزانە کاریگەرەکەی، لیۆن بایلی، ترزیگێ و تراورێ بێبەش دەبێت، کە بێگومان ئامادەنەبوونی ئەم سێیانە ئەرکی هاوڕێکانیان زەحمەت دەکات و بەبێ ئەوان گەیشتن بە گۆڵی رێدز قورس دەبێت.

هەر چۆنێک بێت جێرارد لەم یارییەدا، کە بۆ ئەو لایەنێکی عاتفی تێدایە، هەوڵدەدات بە پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز و دەرچوون بە ئەنجامێکی باش لەنێو ئانفێڵددا متمانەیەکی  زۆرتر بە خۆی و تیپەکەی و جەماوەری یانەکەی ببەخشێت، کە هەر زوو کاریگەری خۆی بەسەر ئاستۆن ڤێلادا جێهێشتووە، ئەو راهێنەرە گەنجە دەیەوێت بە سەرکەوتنەوە لە ماڵە کۆنەکەی بچێتە دەرەوە، بێئەوەی ئاهەنگ بگێڕێت، ئەگەرچی کڵۆپ رێگەی پێداوە بۆ خۆی ئاهەنگ بگێڕێت، ئەگەر توانی شکستیان پێبهێنێت.

ئەمڕۆ ئەم یارییانە لە گەڕی 16ـی پرێمەرلیگدا بەڕێوەدەچن:

مانچێستەر سیتی - وۆلڤەرهامپتۆن 15:30
ئارسیناڵ - ساوسامپتۆن 18:00
چێڵسی - وێستهام 18:00
لیڤەرپوول - ئاستۆن ڤێلا 18:00
نۆرویچ سیتی - مانچێستەر یونایتد 20:30
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©