به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم رایگەیاند، ئەگەر مەترسییەکانى داعش زیاتربن دەکرێت قسە لەسەر داواى مانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا لەهەرێم بکرێت.  

سەفین دزەیی بە پێگەى فەرمى پارتى راگەیاند "ئه‌و هێزانه‌ی ئه‌مه‌ریكا كه‌ ده‌كشێنه‌وه‌ هێزی شه‌ڕكه‌رن، به‌ڵام به‌ مانای ئه‌وه‌ نایه‌ت هاوپه‌یمانان له‌ عێراق نامێنن، نه‌خێر به‌ڵكو شێوه‌ی مامه‌ڵه‌یان و شێوه‌ی مانه‌وه‌یان ده‌گۆڕێت.''  

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر داعش به‌هێزتر بوو كوردستان ده‌توانێت داوا بكات هێزی ئه‌مه‌ریكا له‌ كوردستان بمێننه‌وه؟‌ دزه‌یی وتی ''ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته‌ مه‌ترسییه‌كان زیاتر بن، ئه‌وه‌ ده‌كرێت و پێویسته‌ قسه‌ی زیاتری له‌سه‌ر بكرێت.''  

هەروەها له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر هێرشه‌كانی داعش، سه‌فین دزه‌یی وتى ''له‌ ئاستی سیاسی و دیپلۆماسیدا هه‌ڵوێستیان ڕوون بووه‌ و پشتیوانیی كوردستان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ كردانه‌ ڕوو نه‌داته‌وه‌ و پشتیوانیی هاوپه‌یمانان بۆ كوردستان گرنگه‌.''  

ده‌شڵێت ئێستا هه‌ماهه‌نگی دروست بووه‌ له ‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ ته‌شكیلكردنی دوو لیوای هاوبه‌ش و كاری خۆیان ده‌كه‌ن و هاتنی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی شه‌ڕی تێدا كراوه‌ له‌ڕووی مه‌عنه‌وییه‌وه‌ كاریگه‌ریی خۆی ده‌بێت و له‌ڕووی پراكتیكه‌وه‌ ده‌بێت هه‌ماهه‌نگیی زیاتر بكرێت تا داعش له‌و ناوچانه‌ په‌لامار نه‌دات.  
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©