گوندی کەمەر کەلاخی سەر بە ویلایەتی هیرات لە ئەفغانستان، کاریگەریی وشکەساڵی زۆر بە روونی پێیەوە دیارە. بەهۆی کەمیی ئاوەوە، وەرگرتنی ئاو لە بیرەکانەوە کراوەتە نۆرە و ئاوی بیرەکە لە کۆی 60 ماڵ، رۆژانە بەشی تەنیا 10 خێزان دەکات.

حاجی وەلی جان و چەند دانیشتووانێکی دیکە نۆرەیان بۆ ئاو گرتووە. پێش ئەوەی حاجی دەبەی سێیەمی پڕ ئاو بکات، ئاوەکە خەریکە دەبڕێت. 

حاجی وەلی جان، دانیشتووی کەمەر کەلاخ دەڵێت "پێشتر بیرێکمان لەوێ هەبوو، بەڵام ئێستا وشکی کردووە. ئاو نەماوە و ئەوەشی ماوە تامی تێکچووە. ئێستا کەمتر لە 15 بەساڵاچوو لە گوند ماون. خەڵکی لەبەر برسێتی کۆچدەکەن. بەڵام ئەی چی لەبارەی ژن و منداڵەکان؟ ئەی ئەوان چی بکەن؟ خەڵکی هەمووی چووە ئێران، پاکستان و تورکیا، ناچاربوون لەبەر هەژاری و برسێتی ئەمە بکەن." 

ئەو دەبانەی ماونەتەوە، کوڕەکانی حاجی بە دووری 3 کیلۆمەتر عەرەبانەکە پاڵپێوەدەدەن بۆ ئەوەی لە سەرچاوەیەکی دیکەوە ئاو پەیدابکەن. 
وشکەساڵی، لە کۆی 34 ویلایەتی ئەفغانستان، تەنگی بە 25 یان هەڵچنیوە.

گوندی کەمەر کەلاخ لە 150 ماڵ پێکدێت. پێشتر، بژێوی زۆربەی دانیشتووانی گوندەکە لەسەر بەخێوکردنی مەڕوماڵات و مووچە بوو؛ بەڵام بەهۆی وشکەساڵی و داڕمانی ئابووریەوە، چیدی ناتوانن پشت بەم دوو سەرچاوەیە ببەستن.

ئێستا سەرچاوەی سەرەکی داهاتی گوندەکە بووەتە خۆڵ و چەو. حاجی عەجەب گوڵ لەگەڵ کوڕەکەی رۆژانە خۆڵ و چەو لە مۆخڵ دەکەن و دەیفرۆشن؛ داهاتی رۆژانەیان تەنیا 2 دۆلارە.

عەجەب گوڵ، دانیشتووی کەمەر کەلاخ دەڵێت "کاتێک وشترێک بەنێو رووبارەکەدا دەڕۆی، تەنیا سەرییت دەبینی. ئەمە پێش 20 ساڵ بوو. ئەوکات بەفر و باران لێرە زۆر بوو. گژوگیا زۆربوو."

بەگوێرەی نەتەوەیەکگرتووەکان، وشکەساڵی و جەنگ بووەتە هۆی ئاوارەبوونی 700 هەزار کەس لە ئەفغانستان.

هاوکات، لەدوای کۆنتڕۆڵکردنی کابوول لەلایەن تاڵیبانەوە و گەمارۆی نێودەوڵەتی بۆ سەر ئەفغانستان، ئابووریی وڵاتەکە داڕماوە و داهاتی تاکەکەسیش بەشی خواردنی رۆژانەی خەڵکی ناکات.

بەگوێرەی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ 23 ملیۆن کەس کە دەکاتە 60٪ـی کۆی دانیشووانی ئەفغانستان ناتوانن خۆراکی رۆژانەیان دەستبکەوێت. 
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©