ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا پرسی دەستلەکارکێشانەوەی پارێزگاری سلێمانی تەنیا دەنگۆیە و بە فەرمی نەگەیشتووەتە ئەنجوومەنی پارێزگا و گوتیشی: "دوو هەفتەیە پارێزگار مۆڵەتی وەرگرتووە".

رەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی  رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆش، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانییە و دەستلەکارکێشانەوەی بە فەرمی نەداوەتە ئەنجوومەنی پارێزگا، بەڵام دوو هەفتەیە مۆڵەتی وەرگرتووە.

ئەگەر پارێزگار دەستلەکار بکێشێتەوە، دەبێ نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی بداتە ئەنجوومەنی پارێزگا. رەمەزان نامیق لەوبارەوە دەڵێت: "دوای پەسندکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوە، دەبێ لە هەمان دانیشتندا دەنگ بە بەربژێری جێگرەوەی پارێزگار بدرێت".

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دوو بەربژێری بۆ پۆستی پارێزگار ئامادە کردووە کە عیزەت سابیر، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانین، بەڵام عیزەت سابیر چانسی زیاترە.

ساڵی 2014 دوای ھەڵبژاردنی پارێزگاکان یەکێتی و گۆڕان 7 مانگیان پێویست بوو تاوەکو لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی سلێمانی و ھەڵەبجە رێککەوتن. رێککەوتنەکە بەجۆرێک بوو کە پۆستی پارێزگار لەنێوان خۆیان دابەشبکەن 2 ساڵ بۆ هەر لایەک. بەڵام هەڤاڵ ئەبوبەکر لە ساڵی 2017ەوە پارێزگاری سلێمانییە.

زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©