بەرپرسی میحوەری گەرمەسێری پێشمەرگە رایگەیاند، لە درێژەی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشمەرگە دژ بە داعش، لە سنووری خانەقین دەستیان بەسەر چەند توونێلێکی داعشدا گرتووە.

مەحموود سەنگاوی، فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری پێشمەرگە  رایگەیاند، لە درێژەی ئۆپەراسیۆنەکانی پێشمەرگە دژ بە داعش، لە میحوەری دووی سنووری خانەقین، پێشمەرگە دەستی بەسەر چەند توونێلێکی داعشدا گرتووە کە چەک و تەقەمەنییەکی زۆری تێدا بووە.

مەحموود سەنگاوی وتی:"ئۆپەراسیۆنەکە بەشێوەیەکی کتوپڕ کراوە و چەکدارانی داعش بەپەلە شوێنەکانیان جێهێشتووە و لە شوێنێکیشدا ئۆتۆمبێلێکیان جێهێشتووە".

رۆژی سێشەممەی رابردوو، هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لە گەرمیان لە دژی چەکدارانی داعش دەستپێکرد و لە ئۆپەراسیۆنەکانیشیان بەردەوام دەبن.

چەند رۆژێکە چەکدارانی داعش کەلێنی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقیان بۆ چڕکردنەوەی هێرشەکانیان زیاتر قۆستووەتەوە و هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و گوندنشینانی ناوچە کوردستانییەکان.

حەوت هەزار پێشمەرگە و سەربازی سوپای عێراق لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستیان بە مەشق و راهێنان کردووە، دوای تەواوبوونی مەشقەکان کە 60 رۆژ دەخایێنێت، تێکەڵ بە یەکدی دەکرێن و لیوایەکیان لە خانەقینەوە تاوەکو ناوچەی ناو شوان لە سنووری پارێزگای کەرکووک بڵاوەیان پێدەکرێت، لیواکەی دیکەشیان لە ناوچەی ناو شوانەوە تاوەکو بەنداوی موسڵ بڵاودەبنەوە و ئەو کەلێنە ئەمنیانە پڕدەکەونەوە، کە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەن.
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©