له سه‌ره‌تای پایزه‌وه و لەگەڵ هاتنی سەرمادا نەخۆشی هەوکردنی سنگ له ناو منداڵانی خوار ته‌مه‌ن 10 ساڵدا به‌ربڵاو ده‌بێت و له نه‌خۆشخانه‌كانی تایبه‌ت به منداڵان ژماره‌یه‌كی زۆر منداڵ ده‌خه‌وێندرێن و شاره‌زایانیش ئاماژه به مه‌ترسییه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه ده‌ده‌ن و رێنمایی ته‌ندروستی ده‌ده‌نه باوان بۆ پاراستنی منداڵه‌كانیان.
دکتۆر مەحمود محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی راپەڕینی فێرکاری منداڵان له هه‌ولێر و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لەبارەی زیادبوونی نەخۆشی هەوکردنی سنگی منداڵان وتی: نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و هەموو ساڵێک لە سەرەتای دەستپێکی وەرزی سه‌رمادا زیاد دەبێت، لەبەرئەوەی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ بەرگری لەشیان لاوازە زیاتر ئەگەری توشبوونیان هەیە.
ئەو پزیشکە باسی لەوەشکرد کە بەهۆی کرانەوەی قوتابخانە و باخچە و دایەنگەکان، رێژەی توشبوون لە منداڵاندا زیادی کردووە.
دکتۆر مەحمود محەمەد بەمجۆرە باسی لە نیشانەکانی نەخۆشییەکە کرد:
- رۆژانی سەرەتا هەڵامەت یان کۆکەیەکی کەمی دەبێت.
- هەڵامەت و لوتگیران و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی.
- پاش چەند رۆژێک لە هەڵامەت، منداڵەکە کەمتر خواردن و شیر دەخوات و دەخواتەوە.
- هەناسەتوندی و خێرابوونی هەناسەدان.
- منداڵەکە ماندوو و شپرزە دەردەکەوێت.
ئەو پزیشکە گوتیشی: دەکرێت لە قۆنەغەکانی سەرەتای پەتاکەدا نەخۆشیەکە کۆنترۆڵ بکرێت پێش ئەوەی بگاتە هەناسەتوندی، بەڵام کە گەیشتە هەناسەتوندی دەبێت لە نەخۆشخانە بخەوێنرێت و ئۆکسجین و چاره‌سه‌ر وەربگرێت.