تەقینەوەی ماتۆڕسکیلێکی بۆمبڕێژکراو لە تەنیشت پردی سمود لە نزیک نەخۆشخانەی کۆماری بەسرەییەکان راچەڵکەندا، چونکە ماوەیەکی زۆرە تەقینەوە لەو شارە رووی نەداوە، لە ئاکامی تەقینەوەکەدا چوار کەس کوژران و چواری دیکەش برینداربوون، کوژراوەکان لەنێو ئەو ئۆتۆمبێلانەدا سوتان و گیانیان لەدەستدا کە بەهۆی تەقینەوەکەوە گریان گرت .

ماتۆڕەسکیلەکە لە تەنیشت ئۆتۆمبێلێکی جۆری ستارێکس تەقییەوە، ئۆتۆمبێلی کارگەیەک بووە و دوو کرێکاری تێدابووە،
باوکی یەکێک لە کوژراوەکان دەڵێ، کوڕەکەی پارچە پارچە بووە، نەیناسیوەتەوە.

ماجد ناسر، شایەتحاڵێکی تەقینەوەکەیە و دەڵێت، دوای نزیکەی کاژێرێک تیمی فریاگوزاری فریایان کەوتووە، لە کاتێکدا نەخۆشخانەی کۆماری لە شوێنی تەقینەوەکە نزیک بووە. ئەو شایەتحاڵە دەشڵێت، "گەر بەهانامان بهاتنایە دەیانتوانی تا رادەیەک چارەسەرێکی دۆخەکە بکەن و قوربانی زۆر نەبێت ئێمە نزیکەی کاژێرێک لێرە ماینەوە بەدوای چارەیەک دەگەڕاین رێگەکە داخرابوو، چونکە ئۆتۆمبێلەکان لە ناوەڕاستی شەقامەکە گڕیان گرتبوو، بەڵام کەس نەبوو". 

ئێوارەی ئەمڕۆ بەشێک لە کەسوکاری کوژراوەکان و خەڵک لە شوێنی تەقینەوەکە گردبوونەوە، نزایان بۆ مردووەکان کرد و مۆمیان لە شوێنی تەقینەوەکە داگیرساند. خەڵک تووڕە و نیگەرانن لە سیاسییەکان، بێ دوودڵی دەڵێن، هۆکاری پشت خراپبوونی دۆخی ئەمنی، ئەوانن.

کازم عەتوان، کەسوکاری کوژراوێک دەڵێت، "ناکۆکی لە نێوان سیاسییەکان دروست دەبێت، دەمان تەقێننەوە، خەڵکی بێتاوان دەکوژن، کاتێکیش هاوپەیمانی دەبەستن لەگەڵ یەک دەمان دزن". 

محەممەد عادل، هاووڵاتییەکە و دەڵێت، "هەموو ئەوانەی روو دەدەن لە ئەنجامی ناکۆکیی سیاسییە، ئێستا ئێمە دەبینین ئەم ماوەیە ناکۆکیی سیاسی زۆر تووندە لەنێوان چەند لایەنێک لەسەر کورسییەکانی پەرلەمان، ئەمەیە ئەنجامی ناکۆکیی سیاسی کە دواجار رەنگ دەداتەوە لەسەر شەقام و لە کۆتایدا کوژرانی گەنجانی عێراق بەدوای خۆیدا دەهێنێت". 

هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەیان دەست پێکردووە تا ئێستا بۆیان رووننەبووەتەوە کێ لە پشت تەقینەوەکەیەوە، بەڵام پارێزگاری بەسرە دەڵێت، "داعش" تەقینەوەکەی ئەنجامداوە.
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©