چەند مانگێکە دراوی نیشتمانیی تورکیا رۆژ دوای رۆژ بەهاکەی زیاتر لەدەستدەدات و ئێستاش بەهای یەک دۆلار بەرامبەرە بە 13.14 لیرە.  

ئەم دۆخە گوشارێکی گەورەی لەسەر خەڵک دروستکردووە. تابلۆی نرخەکان بەردەوام لە نوێبوونەوەدایە. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمە بە یاری و تەڵەی وڵاتانی رۆژئاوا ناودەبات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، "هەروەک ئەوەی لە پێشوودا کردوویانە، یاری بە دراو، سوود و نرخەکان دەکەن کە ئێمە ئەم یارییانە دەبینین".

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە لەبارەی قسەکانی ئەردۆغان دەڵێت، "وەک هەمیشە، دووبارە ئەو ئابوورییەی مایەپووچی کردووە، بەستییەوە بە هێزە دەرەکییەکان. دۆلار دیسانەوە فڕی، خۆ ئەگەر قسە بکەیتەوە، بەرزتر دەبێتەوە، سەرۆککۆمارێک هەیە کە لە شوێنی خۆی ناوەستێت و هەموو رۆژێک قسەدەکات و دەبێتە هۆی فڕاندنی دۆلار و ناشتوانێ پێش لەمە بگرێت".

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا نامەی خانەنشینێکی تورکیای خوێندەوە کە دەڵێ، "مووچەکەم خەریکە دەبێتە 100 دۆلار و نازانم بە چی رابگەم!" کڵچدارئۆغڵو پەیامێکیشی ئاراستەی ئەو خانەنشینە کرد.

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە دەڵێت، "تەنیا دەمەوێ کەمێکی دیکە ئارام بگریت. کاتی چوونە سەر سندووقی دەنگدان دێت و لە رێگەی دیموکراسییەوە وانە بەو کەیف و سەفایەی کۆشک دەدەین و دەیاننێرینەوە".

هەروەها مێراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتیش بەردەوام پێداگریی خۆی لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەخت دووپاتدەکاتەوە و رەخنەی تووند لە ئەردۆغان دەگرێت.

دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کە هاوپەیمانیی ئاکپارتییە، بە تووندی بەرپەرچی ئەو پێشنیازەی دایەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختەی رەتکردەوە.

باخچەلی دەشڵێت، "هەڵبژاردنی پێشوەخت و شتی وەها نییە. هەڵبژاردن لە حوزەیرانی 2023 بەڕێوەدەچێت".

هەموو ئەمانە لەکاتێکدان، بەشێک لە کۆمپانیاکانی تورکیا بەهۆی ناجێگیریی بەهای لیرە، بڕیاری وەستاندنی فرۆشتنی بەرهەم و کاڵاکانی خۆیانیان داوە. 

پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەردەوام لە دیدار و کۆبوونەوەدان. کەمال کڵچدارئۆغڵو سەردانی پلان بۆ دارێژراوی رۆژی چوارشەممەی بۆ باکووری کوردستان هەڵوەشاندەوە و بڕیارە پارتەکەی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سازبدات.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©