بەڕێوەبەری بەنداوی عوزێم رایدەگەیێنێت، کۆگاکردنی ئاوی بەنداوی عوزێم بەشێوەیەک کەمیکردووە، ئێستا تەنیا 20٪ لە ئاستی توانای خۆیدا، ئاوی کۆگاکراوی تێدایە. هاوکات هۆشداریش لەبارەی بەردەوامیی دۆخەکە دەدات و دەڵێت، ناوچەکە رووبەڕووی کارەسات دەبێتەوە. 

عەبدولجەبار ئەحمەد شیاع عوبەیدی، بەڕێوەبەری بەنداوی عوزێم  رایگەیاند، ئێستا بڕی ئاوی کۆگاکراو لە بەنداوی عوزێم 364 ملیۆن مەتر سێجایە، لەکاتێکدا توانای کۆگاکردنی ملیارێک و 500 ملیۆن مەتر سێجای هەیە. کەمبوونەوەی ئاوی کۆگاکراوی بەنداوەکە بەشێوەیەکە، گەیشتووەتە نزیکەی 20٪ی توانای ئاوی کۆگاکراوی خۆی. 

بەنداوی عوزێم، دەکەوێتە سەر رووباری عوزێم بە دووری 133 کلیۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی بەغدا، دەکەوێتە سنووری پارێزگای دیالە. 

بەڕێوەبەری بەنداوەکە باس لەوەدەکات، بەهۆی کەمیی ئاوی کۆگاکراو، وەزارەتی کشتوکاڵ پلانی کشتوکاڵی ئەو وەرزەی دیاری نەکردووە، ئەو ئاوەشی کە تێیدایە تەنیا بۆ خواردنەوە بەکاردەهێنرێت، بۆیە دۆخی ئاو زۆر سەخت و دژوارە.

عەبدولجەبار عوبەیدی ئاماژەی بەوەشکرد، دانیشتووانی ناحیەکە بۆ کشتوکاڵکردن 100٪ پشت بەو ئاوە دەبەستن، هیچ سەرچاوەیەکی دیکەش بۆ ئاوی خواردنەوە نییە، بەتایبەتی لێدانی بیر بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لەو ناوچایەدا سەرکەوتوو نابێت. بۆیە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بێ بارانی بێت، ئەوا دۆخێکی کارەساتبار دروست دەبێت لە رووی ئابووری و بژێوییەوە.

بەنداوی عوزێم لە ساڵی 1999 دروستکراوە، بۆ یەکەمین جار لە دوای دروستکردنییەوە، لە 17ی نیسانی ساڵی 2019 بەنداوەکە پڕئاو و سەرڕێژ بوو، دوای ئەوەی نزیکەی ملیارێک و 600 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدا کۆگاکرا. 

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©