ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢١/١١/٢٤ زایینی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:
یەکەم: خستنەڕووی دوو بابەت لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران:
- پوختەی بەشداریی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە لوتکەی کۆڕبەندی (دایەلۆگی مەنامە ٢٠٢١) کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن سازدرابوو.
- پێشهاتە سیاسیەکانی دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدراڵ و پەیامی هەرێمی کوردستان بۆ هێزە سیاسییەکان بۆ دایەلۆگی هێمنانە لە بەرژەوەندی گشتیی ووڵات، دوور لە توندوتيژى و کەوتنەوەى قوربانى.
دووەم: بابەتى خۆپیشاندانەکانی فێرخوازانی زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنی دەرماڵەکانیان، و دوا پێشهات و لێکەوتەکانی ئەو خۆپێشاندانانە و ئەرکی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەم بارەیەوە.
سێیەم: خستنەڕووی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە بارودۆخی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان له سنوورەکانی بیلاڕوسا - پۆڵەندا و گەڕانەوەیان بۆ ناو خاکی هەرێم.
چوارەم: میوانداریکردنی عەبدولڕەحمان سەدیق سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بۆ خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی گشتگیر لەسەر بواری ژینگە لە هەرێمی کوردستان، و دەنگدان لەسەر پەیڕەوی تایبەت بە كۆنتڕۆلکردنی مەواد و کەرەستەکانی کاریگەر لەسەر چینی ئۆزۆن.
پێنجەم: خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەسەر بابەتی دەستی کاری بیانی لە هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی جێگرتنەوەیان بە دەستی کاری خۆماڵی، و پەرەپێدانی ناوەندەکانی وەزارەت لە بواری ڕاهێنانی پیشەیی، و هەوڵەکانی وەزارەتیان لە بواری گەڵاڵەکردنی دوا ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای نوێی کار و پڕۆژە یاسای نوێی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بارودۆ خی چاکسازییەکان لە هەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢١/١١/٢٤