ئەمڕۆ لەگەڵ دەستپێکی کرانەوەی بازاڕەکانی دراو لە تورکیا و بۆڕسەی ئیستەنبووڵ، ناسەقامگیرییەکی خێرا لە هەڵکشان و داکشانی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دراوە بیانییەکان بەدی دەکرێت. بەهای هەر دۆلارێکی ئەمریکی 12 لیرەی تورکی تێپەڕاند. 

لەگەڵ کرانەوەی بۆڕسەی ئیستەنبووڵ، لیرەی تورکی، بەهاکەی بەشێوەیەکی خێرا لەدەستدا و یەک دۆلار  بە 11.53 لیرە مامەڵەی پێوەکرا. کاژێر 10:30 بەهای یەک دۆلار گەیشتە 11.99 لیرە، بەڵام دووبارە داکشا و لە 11.83 لیرە بۆ هەر دۆلارێک جێگیربوو. 

ناسەقامگیری بەهای لیرەی تورکی بەردەوام هەبوو، تاوەکو کاژێر 11:30 گەیشتە ئاستی 12.05 لیرە بۆ هەر دۆلارێکی ئەمریکی. بە هەڵکشانی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر لیرەی تورکی، هاوکات یەک یۆرۆ بە 13.57 لیرە و پاوەندی ستەرلینی بە 14.46 لیرە مامەڵەی پێوەدەکرێت. 

دوێنێ دووشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2021، دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە گوتارێکیدا ئەم دۆخەی لیرەی تورکی بە "شەڕی رزگاریی ئابووری" ناوبرد و دڵنیایی دایە گەلی تورکیا لەوەی بە سەرکەوتوویی لێی دەردەچن و بە پلان و یارییەکی نێودەوڵەتیی دژی تورکیای ناساند. 

ئابووریناسان و شارەزایانی بواری دارایی پێداگری لەوە دەکەن، کە یەکێک لە هۆکارەکانی ناسەقامگیری دۆخی لیرەی تورکی دەگەڕێتەوە بۆ لێدوانە ناشارەزاکانی سیاسەتڤانان لە تورکیا و داوایان لێدەکەن، خۆیان بەدووربگرن لەم جۆرە لێدوانانە و دەشڵێن، ئەم بابەتە گەیشتووەتە قۆناخێکی زۆر مەترسیدار و بازاڕەکان هەندێکجار بەهۆی لێدوانێکەوە سەراوژێر دەبن. 

رۆژی پێنجشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2021، ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی تورکیا لە بانکی ناوەندیی تورکیا لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا، رێژەی سوودی بانکی لە 16%ـەوە بۆ 15% کەمکردەوە. بەر لە راگەیاندنی بڕیارەکە، یەک دۆلاری ئەمریکی بە 10.55 لیرە مامەڵەی پێوە دەکرا. لە یەکەم کاردانەوەدا دوای راگەیاندنی بڕیارەکە بەهای لیرەی تورکی زیاتر دابەزی و یەک دۆلار گەیشتە ئاستی 11.03 لیرە بۆ هەر دۆلارێکی ئەمریکی. 

دابەزینی بەهای لیرەی تورکی و ناسەقامگیری دۆخی بازاڕە داراییەکان، زیانی زۆر بە ئابووری ئەم وڵاتە دەگەیێنێت، بەتایبەتی لەبارەی پێدانی قەرزە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، کە سەرجەمیان بە دۆلار و یۆرۆن. ئەمە جگە لە هەڵاوسانی بەرز و خراپبوونی دۆخی هاووڵاتییان لە تورکیا و باکووری کوردستان و تێکچوونی هاوسەنگی بازاڕ. 

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©