بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، چەکی 2 ملیار و 463 ملیۆن دینار پارەی گەنمی جووتیارانی گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی بکرێت.

نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، "  دوێنێ شەو چەکی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان گەیشت، کە بەشی حەوتەمی چەکی بانکی پارەی جووتیارانە و پارەی ئەو گەنمەیە کە جووتیاران لە ساڵی 2021 رادەستیان کردووە".

نەوزاد کامیل وتیشی، "دوای ئەوەی رێکارە کارگێڕییەکان لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی دانەوێڵەکانی هەرێمی کوردستان تەواو دەبن، چەکە بانکییەکان بە جووتیارەکان دەدرێت و ئەوانیش بە زووترین کات لە بانکی شارەکان وەریدەگرن، کە چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو بێت، ئەوەش دوای تەواوکردنی رێوشوێنەکانی ناردن و هاوتاکردنی چەکەکان و دروستیی دەرچوونیان".

بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، پارەکە بەم جۆرە بەسەر جووتیارانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت:

پارێزگای سلێمانی: یەک ملیار و 400 ملیۆن دینار

پارێزگای هەولێر: 923 ملیۆن دینار

پارێزگای دهۆک: 140 ملیۆن دینار

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©