کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، شەش کورسیی پەرلەمان گۆڕانکاریان بەسەردادێت و جیاکردنەوە و ژماردنەوەی دەستی سەرجەم وێستگەکانی دەنگدانیش نایاساییە. 

عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە (ئاژانسی هەواڵی کوردی )ی راگەیاند، بەهۆی پەسندکردنی تانەکان لەلایەن دەستەی دادوەریی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، گۆڕانکاریی لە شەش کورسی پەرلەمان لە 6 پارێزگا دەبێت، کە بریتین لە پارێزگاکانی؛ هەولێر، نەینەوا، کەرکووک، بەغدا و بەسرە و بابل. 

عیماد جەمیل، روونیکردەوە، کۆمیسیۆن ئەنجامی سەرجەم تانەکانی لە دەستەی دادوەریی بەدەستگەیشتووەتەوە کە 21 تانەن، هەندێک تانە رێکاری و هەندێکی دیکە بابەتین، شەشیان بابەتین و گۆڕانکاری بەسەر بەربژێرەکاندا هێناوە و 15کەی دیکە رێکارین. 

ئەندامەکەی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وتیشی لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا وێستگەکانی دیکە کە تانەیان لێدراوە، بە دەست دەژمێردرێنەوە.  15 تانە هەیە کە 850 وێستگەی دەنگدان لە خۆدەگرێت، دووبارە لە نووسینگەی نیشتمانی لە بەغدا بە ئامادەبوونی قەوارە سیاسییەکان، چاودێری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بە دەست دەژمێردرێنەوە و دواتریش ئەنجامەکەی رەوانەی دەستەی دادوەریی دەکرێت بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت. دوای ئەوەی دەستەی دادوەریی، دوایین تانە یەکلایی دەکاتەوە و رەوانەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی دەکاتەوە، کۆمیسیۆنیش دواتر بە فەرمی ئەنجامی هەڵبژاردن و ناوی ئەو بەربژێرانە ئاشکرادەکات کە گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە و سەرکەوتوون، کە 6 بەربژێرێن لە 6 پارێزگادا.

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، 6681 وێستگە هێنراونەتەوە ناوەند و ژماردنەوەی دەستی دەنگەکانیان بۆ کراوە و ئەنجامەکانیش هاوتا بوونە لەگەڵ دەنگدانی ئەلیکترۆنی.  لە دوای کاژێر 6 هیچ کارتێکی دەنگدان بەکارنەهێنراوە،  کۆمیسیۆن هیچ وێستگەیەکی هەڵنەوەشاندووەتەوە، ئەو کێشەیە و ئەو بڕیارانە دەگەڕێنەوە بۆ دەستەی دادوەری. 

عیماد جەمیل  ئاماژەی بەوەکرد، 3781 پەنجە مۆری دووبارە هەن، کە بەسەر وێستگەکان دابەشبوونە، 54 هەزار وێستگەش خاڵین لەو جۆرە پەنجە مۆرانە.  ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن دەپرسێت، ئایا مەعقوڵە هەموو دەنگە دروستەکانی وێستگەیەک کە ژمارەیان 200 بۆ 250 دەبێت لەبەر پەنجە مۆر هەڵبوەشنێرنەوە؟ بەڵام بڕیارەکانی دادگا رێزلێگیراون و پێوەی پابەند دەبن. 

ئەندامەکەی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەشڵێت، رۆژی سێشەممە جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکانی پارێزگای زیقار دەستپێدەکات و هەموو ئەو پارێزگایانەی تانەیان لێدراوە 7 پارێزگا تێپەڕناکات و هاوکات جەخیلەوەشکردووە، ژماردنەوەی دەنگی سەرجەم وێستگەکانی دەنگدانیش بە دەست، کارێکی نایاساییە. 

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©