سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا هۆشداری دەداتە وڵاتانی هاوپەیمانی و دەڵێت، ئەو کێشەیەی لەسەر سنوور بۆیان دروستبووە، بە تەنیا کێشەی پۆڵەندا و لیتوانیا نییە، بەڵکو کێشەی هەموو وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپایە.

ماتیوسز مۆراویکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ ئینگریدا سیمۆنیت، سەرۆکوەزیرانی لیتوانیا، رایگەیاند، بێلاڕووس بە پاڵپشتیی رووسیا سنوورەکانی ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا لە رۆژهەڵاتەوە پێشێل دەکات، "بۆیە گرنگە سەرکردەکانی وڵاتانی رۆژئاوا باشتر لە بابەتەکە تێبگەن و بزانن کە ئەمە تەنیا شەڕی ئەو دوو وڵاتە نییە".

ماتیوسز ئەوەشی گوت کە لە یەک شەودا کۆچبەران 200 هەوڵی پەڕینەوەیان بۆ نێو سنووری پۆڵەندا بە نایاسایی داوە؛ هەردوو سەرۆکوەزیرانیش رێککەوتوون کە وڵاتانی ئەوروپی لە ویستی بێلاڕووس و رووسیا بۆ پێشێلکردن و تێکشکاندنی سنوورەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ ئاگاداربکەنەوە.

سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا دەڵێت، "لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بێلاڕووس هەنگاوەکانی خۆی دژی یەکێتیی ئەوروپا زیادکردوون؛ گرنگە لەوە تێبگەین کە ئەمە شەڕێکی دروستکراو نییە دژی پۆڵەندا یان لیتوانیا، ئەمە هەوڵێکی پێشێلکردن و تێکشکاندنی سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپایە. ئێمە تێدەگەین چ روودەدات. بۆ ئێمە ئاسانە تێبگەین. بۆیە سەرۆکوەزیرانی لیتوانیا و خۆم بڕیارمان داوە بە هاوپەیمانانی رۆژئاوامان بڵێین کە لەنێو کێشە راستەقینەکاندا بەرچاویان تاریک نەبێت".

لە 30 ئەندامی ناتۆ، 26 ئەندامی کەوتوونەتە ئەوروپا کە بەشێکیان لە رۆژهەڵاتەوە هاوسنوورن لەگەڵ رووسیا و هاوبەش و هاوپەیمانەکانی.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©