بەشوودانی کچێکی 12 ساڵ لە بەغدا هەرا دەنێتەوە؛ باوکی رازی بووە و دایکی دژیەتی

بەشێک لە چالاکوانانی مافەکانی ژنان چوونە بەردەم دادگای کازمییە تاوەکو رێگری لە بەشوودانی کچێکی تەمەن 12 ساڵان بکەن. چالاکوانێک دەڵێت، نازانێت چی بە ئەو باوکە بڵێت کە ئەو کارە دەکات.

باوکێک لە ناوچەی بەیاعی بەغدا لە رۆژی 20ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ پاش ئەوەی لە ھاوژینی یەکەمی جیادەبێتەوە، کچێکی تەمەن 12 ساڵانی لە برای ھاوژینە تازەکەی مارە دەکات، بەڵام دایکی کچە تەمەن 12 ساڵانەکە پارێزەر و چالاکڤانان و رێکخراوەکانی مافی ژنان دێنێتە سەر خەت تاوەکو پشتیوانیی لێبکەن و لە دادگا رێگری لەو کارە بکەن.

یەنار محەممەد، سەرۆکی رێکخرای ئازادیی مافی ژنان لە عێراق دەڵێت، "ئەمە حاڵەتێکە لە سەدان ئەو حاڵەتانەی کە مانگانە لە عێراق روودەدەن، منداڵ دەستدرێژیی دەکرێتەسەر و دواتر دەدرێتە کەسی دەستدرێژیکارەکە تاوەکو دواتر ھیچی لێنەکەن و ھاوسەرگیری بکەن، بێگومان ئەم ھاوسەرگیرییە لای شێخ و سەید دەکرێت، پیاوەکەش بە ھیچ شتێک پابەند ناکات".

فاتمە عەبدولحەمید، چالاکوان دەڵێت، "ئێستا من خوێندکاری زانکۆم لە قۆناخی سێیەمدام، نزیکەی ساڵێکی دیکە تەواوی دەکەم، بەردەوام دەڵێم کە ھاوسەرگیری بەرپرسیارێتیی ھەیە، ناکرێت ھەر لەخۆڕا بکرێت، بەڵام تێناگەین منداڵێک تەمەنی 12 ساڵە، شوێنی یاریکردن و سەیرکردنی فیلم کارتۆنە. نازانم ئەمە چۆن وڵاتێکە، نازانم چی لەسەر ئەو باوکە بڵێم کە ئەو کارەی کردووە".

لە گەرمەی ناڕەزایەتییەکەدا ھەر لەبەردەم دادگا، گەنجێک ھاواری لێ ھەڵسا و دژی ئەوانەی گردبوونەتەوە کەوتە قسە و بە تێکدانی کۆمەڵگەی لەقەڵمدان.

مستەفا عەلی، ھاوڵاتی دەڵێت، "بە ھیچ شێوەیەک ھیچ کێشەیەکی نییە ھاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی تەمەن 15 یان 16 و 17 ساڵدا بکەیت، ئەمە مانای بچووکیی تەمەن نییە، بۆچی وادەکەن؟ تۆ گەر پێتوایە ئەمە کاتی شووی نەھاتووە، وانییە، یانی ئێمە لە پێغەمبەر باشتر دەزانین".

دوای دوو کاژێر مانەوە، دادوەر لە دادگای کازمییە گرێبەستی ھاوسەرگیریی کچە تەمەن 12 ساڵانەکەی پەسەند نەکرد، دایکی و چالاکڤانان خۆشحاڵن بەڵام ھێشتا دۆسیەکە بە تەواوی دانەخراوە، چونکە ھێشتا باوکی کچەکە پێداگرە لەسەر ئەنجامدانی ھاوسەرگیرییەکە و لای شێخ کارەکەی بڕاندووەتەوە، دایکیشی بەڵگەی دەستدێژیکردنە سەر کچەکەی لایە و دەیەوێت لەو رێگەیەوە پرۆسەکە ھەڵوەشێنێتەوە.

حەنین ئەحمەد، دایکی کچە 12 ساڵەکە دەڵێت، "دادگا بڕیاریدا گرێبەستی ھاوسەرگیرییەکە رابگیرێت بۆ ماوەی ھەفتەیەک، تاوەکو بسەلمێندرێت بۆ دادوەر کە دەستدرێژی کراوەتە سەر کچەکەم؛ بەڵێ کچەکە دەستدرێژیی کراوەتەسەر ھەر لەنێو ماڵی باوکی ئەوە روویداوە لە ژووری باوکی و ژنی باوکیشی ئاگادارە".

بەشێک لە سەید و شێخەکان بە پشتبەستن بە دەقە ئایینییەکان ھیچ کچێک ناگەڕێننەوە، کە باڵغ بووبێت و رەزامەندیی باوکی ھەبێت، راستەوخۆ مارەی دەکەن.

شێخ عاد کەعبی، پێشنوێژ و گوتارخوێن دەڵێت، "پێغەمبەر درودی خودای لێبێت دەفەرموێت: ھیچ شتێک لە ئیسلامدا ھێندەی ھاوسەرگیری لای خودا خۆشەویستتر نییە، یاسای ئیسلام پێداگری لەسەر ئەنجامدانی ھاوسەرگیریی پێشوەختە دەکات".

بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، ھەر کچێکی خوار تەمەن 15 ساڵ بە شوو بدرێت لە دەرەوەی دادگا، بە شەش مانگ و پێبژاردن لە 200 ھەزار تاوەکو ملیۆنێک دینار سزا دەدرێت.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©