رێکخراوێکی تایبەت بە چاودێریکردنی مافی مرۆڤ لە سووریا دەڵێت، لە ساڵی 2011وە لانیکەم 29 هەزار و 661 منداڵ لە سووریا کوژراون.
تۆڕی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە ساڵی 2011وە و لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکان لە سووریا و دواتریش هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆ لەو وڵاتە، 29 هەزار و 661 منداڵ لە سووریا کوژراون.
لەو 29 هەزار و 661 منداڵە، 22 هەزار و 930 منداڵیان لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سووریا، دوو هەزار و 32 منداڵیان لەلایەن هێزەکانی رووسیا، 958 منداڵیان لەلایەن داعش و 71 منداڵەکەی دیکەش لەلایەن دەستەی تەحریری شامەوە کوژراون. ئەمەش بە مانای ئەوەیە، هێزەکانی حکومەتی سووریا بەرپرس بوون لە 78%ی کوشتنی ئەو منداڵانە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە ساڵی 2011وە 181 منداڵ بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە گیانیان لەدەستداوە و 174یان لە زیندانەکانی حکومەتی سووریادا بوون. ئەوەش لە کاتێكدایە، لە دەستپێکی خۆپێشاندان و شەڕەکەوە، 14 هەزار و 400 کەس بە گشتی لەو وڵاتەدا بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە گیانیان لەدەستداوە.
تۆڕی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، لە ساڵی 2011وە چارەنووسی پێنج هەزار و 36 منداڵ دیار نییە؛ سێ هەزار و 649 کەس لەوان لەو شوێنەدا بێسەروشوێن بوون و چارەنووسیان نادیارە کە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکومەت، 667 منداڵیان لەو ناوچەیەدان کە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، 42یان لەو ناوچەیەدان کە لەژێر کۆنترۆڵی دەستەی تەحریری شامدایە و 359 کەسەکەی دیکەشیان لەو ناوچەیەدان کە لەژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکانی دیکەدایە.
ئامارەکانی تۆڕی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ تاوەکو تشرینی یەکەمی 2021:
کوشتنی منداڵان: 29661 منداڵ
22930یان لەلایەن حکومەتی سووریاوە کوژراون
2032یان لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە کوژراون
958یان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کوژراون
71یان لەلایەن دەستەی تەحریری شام-ەوە کوژراون
181 منداڵ لە زیندانەکاندا و بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە گیانیان لەدەستداوە، 174 لەو منداڵانە لە زیندانەکانی حکومەتی سووریادا کوژراون. بەگشتیش لە سووریا 14 هەزار و 400 کەس لە زیندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە.
ئەو منداڵانەی لە سووریا چارەنووسیان نادیارە: 5036 منداڵ
3649 منداڵیان لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریادان
667 منداڵیان لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە-دان
42 منداڵیان لەژێر دەسەڵاتی دەستەی تەحریری شام-دان
359منداڵیشیان لەژێر دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی دیکەدان
بابەتی زیاتر