کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان چاوەڕوانی یەکلاییکردنەوەی هەموو تانەکانە لە لایەن دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن بۆ داخستنی کەیسی تانەکان بە یەکجارەکی.

نیبراس ئەبو سۆدە، یاریدەدەری وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە راگەیاندنی فەرمیی عێراقی راگەیاند: "کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دوای راگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکان، ناوی بەربژێرە براوەکانی هەڵبژاردن رەوانەی دادگەی فیدراڵی دەکات بۆ ئەوەی دادگەکە پەسندیان بکات".

عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق  رایگەیاند: "هەندێک لە تانەکان لەلایەن دەستەی دادوەریی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە لە بەرژەوەندیی تانەلێدراو بڕیاری لێدراوە و وێستگەکان هەڵوەشاونەتەوە، بۆیە ئەگەری هەیە گۆڕانکاریی لە هەندێک لە کورسییەکان رووبدەن."

بە وتەی ئەو ئەندامەی تیمی میدیایی کۆمیسیۆن، رەنگە گۆڕانکارییەکان پێنج بۆ شەش کورسی بن، لە پارێزگاکانی هەولێر، نەینەوا، کەرکووک، بەغدا، بەسرە و بابل.

دکتۆر عیماد جەمیل روونیکردەوە، ئەنجامدانی ئەو گۆڕانکارییانە دەکەوێتە سەر بڕیاری کۆتایی دادگە و گوتی: "بەڵام تاوەکو ئێستا ناوی هیچ بەربژێرێک یەکلایی نەبووەتەوە؛ نازانین کێ سەردەکەوێت و کێ دادەبەزێت؛ رەنگە ئەوەی تانەی لێداوە سەرنەکەوێت، بەڵكو کەسێکی دیکە بە جیاوازی دەنگ سەربکەوێت. چاوەڕوانی ئەنجامی کۆتایی تانەکان و دەنگەکان دەکەین و دواتر کۆمیسیۆن ئەنجامی فەرمی رادەگەیێنێت. تاوەکو ئێستاش کۆمیسیۆن و دەستەی دادوەری ناوی هیچ بەربژێرێکی رانەگەیاندووە و هیچ ئاماژەیەکیان نەداوە کە چ بەربژێرێک سەردەکەوێت و چ بەربژێرێکیش دادەبەزێت و کورسییەکەی لەدەستدەدات".

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو، رەوتی سەدر 73 کورسی، هاوپەیمانی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی 37 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 33 کورسی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 16 کورسیی بەدەستهێناوە.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©