بەپێی ئەنجامەکانی سەرەتایی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی دانیمارک، چوار کوردی ئەو وڵاتە بوونە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی و یەکێکیش بووە ئەندامی ئەنجوومەنی هەرێمی پایتەخت. 

لە شارۆچکەی ئالبەرتسلوند، کە 15 کیلۆمەتر لە ناوەندی کۆپنهاگنی پایتەخت دوورە، سێ کوردی شارۆچکەکە لە سێ پارتی جیاواز متمانەی دەنگدەرانی شارۆچکەکەیان بەدەستهێنا، ئەوانیش؛ رەسول کوجکئاکن لە پارتی سۆسیالستی گەلی دانیمارک، دۆغان پۆلات لە پارتی سۆسیالستی دانیمارک و هەدیە تەمیز لە پارتی سۆسیالستی لیبڕاڵ. 

سەردال بەنلی، کە جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیالستی گەلی دانیمارکە و پێشتر جێگری سەرۆکی شارەوانیی گلێ ساکسە بوو، دووەم زۆرترین دەنگی لە سنووری شارەوانییەکەی بەدەستهێناوە و چانسی هەیە ببێتە سەرۆکی شارەوانی. 

هەروەها ئەردۆغان مەرت، سەر بە لیستی یەکگرتوو یەکێک لەو شەش ئەندامانەی پارتەکەیەتی، کە نوێنەرایەتی پارتەکەی لە ئەنجوومەنی هەرێمی پایتەختی دانیمارک دەکات. 

سەرجەم ئەو کوردانەی خۆیان بەربژێر کردبوو، کوردی ئەنادۆڵی ناوەڕاست و ئەنقەرەن، لە نیوەی دووەمی شەستەکانی سەدەی رابردوو بۆ کارکردن چوونەتە ئەو وڵاتە.

رۆژی سێشەممە 16-11-2021 لە دانیمارک هەڵبژاردن بۆ 98 ئەنجوومەنی شارەوانی و پێنج هەرێم بەڕێوەچوو. بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، نزیکەی 60 کوردی دانیشتووی ئەو وڵاتە، خۆیان بەربژێر کردبوو، بەڵام تەنیا پێنج بەربژێریان دەرچوون.
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©