اژانسی ئاسایشی ئەلیکترۆنی ئەمریکا رایگەیاند، حکومەتی ئێران پاڵپشتیی لە گرووپێکی هاککەران دەکات، کە بەرپرسن لە ژمارەیەک هێرشی ئەلیکترۆنیی ئەمدواییە بۆ سەر چەند پێگەیەکی نێو ئەمریکا و ئوستڕالیا.

ئاژانسی ئاسایشی ئینتەرنێت و ژێرخانی ئەمریکا ناسراو بە (سی ئای ئێس ئەی)، لە ئاگادارکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "چەند لایەنێک کە هەڕەشەی گەورە و بەردەوامن و لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە پاڵپشتیی دەکرێن، بەشێوەیەکی چالاک ژمارەیەک قوربانییان بە ئامانجکردووە لە نێو تەواوی کەرتە گرنگەکانی ژێرخانی ئەمریکادا، لە نێویشیاندا کەرتی گواستنەوە و کەرتی چاودێریی تەندروستی و تەندرستیی گشتی." 

راگەیێندراوەکە باس لەوە دەکات کە پسپۆڕانی ئێف بی ئای، هەروەها سەنتەری ئاسایشی ئینتەرنێتی ئوستڕالی و سەنتەری ئاسایشی نیشتمانیی ئینتەرنێتی بەریتانیا، پێکەوە گەییشتوونەتەوە ئەو ئەنجامەی کە "تاران پاڵپشتیی لەو گرووپە کردووە". 

لە ئاداری 2021ـەوە، ئەو گرووپە درزەکانی نێو خزمەتگوزاریی مایکرۆسۆفت ئێکسچەینج کە تایبەتە بە ئاڵگۆڕکردنی ئیمەیڵ، قۆستووەتەوە بۆ ئەوەی سیستەمەکە هاک بکات و زانیاریی بەکارهێنەران بدزێت، لە نێویشیاندا دامەزراوە حکومییەکان.

ئاژانسی ئاسایشی ئینتەرنێت و ژێرخانی ئەمریکا دەشڵێت، ئەو گرووپە هاککەرە دەتوانن ئەو زانیاریانەی بە دەستیان هاتوون بۆ ئەنجامدانی هێرشی دیکە لە داهاتوودا بەکاربهێنن. 

سی ئای ئێس ئەی باسی لە هیچ لەو دامەزراوانە بە دیاریکراوی نەکرد کە گرووپە هاککەرەکە لە نێو ئەمریکا و ئوستڕالیا بە ئامانجی کردوون و ئەوەشی نەخستەڕوو، کە هەوڵی هاککردنیان تا چەند سەرکەوتوو بووە. 

وەزارەتی ئاسایشی نێوخۆی ئەمریکا رایگەیاند کە ئەو هێرشکارە ئەلیکترۆنیانە لە ساڵی رابردوودا لانیکەم 350 ملیۆن دۆلاریان لە قوربانییەکانیان وەرگرتووە لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی زانیارییەکانیان.
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©