دوای کوژرانی سەربازێکی دیکە، ئازەربایجان و ئەرمینیا ئاگربەستیان راگەیاند

دوای ساڵێک لە شەڕی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ، دووبارە شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر سنووری نێوانیان دروستبوو، لە ئەنجامدا لانیکەم سەربازێکی ئەرمینیا کوژرا و 12ی دیکەیان بەدیلگیران و دوو خاڵی سەربازیشیان لەدەستدا. ئەرمینیا هانای بۆ رووسیا برد بۆ ئەوەی لە دژی ئازەربایجان بەرگریی لێ بکات، دواتر رایگەیاند بە نێوەندگیری مۆسکۆ، لەسەر وەستاندنی شەڕ رێککەوتوون. 

وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بە نێوەندگیری لایەنی رووسی، گەیشتینە رێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕ لەسەر سنووری رۆژئاوای ئەرمینیا لە 6:00ی ئێوەارەوە،" گوتیشی "دۆخەکە تا رادەیەک ئارامبووەتەوە".

هەرچەندە پێشتر لە راگەیێندراوێکدا ئەو وەزارەتە گوتبووی 15 سەربازیان بەدەستی هێزەکانی ئازەربایجان کوژراون، بەڵام لە دوایین راگەیێندراویدا دەڵێت، لانیکەم یەک سەربازیان کوژراوە. 

وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا رۆژی سێشەممە رایگەیاند، "کوژراو و بریندار لە نێو ریزەکانی هێزەکانی ئەرمینیادا هەن لە ئەنجامی شەڕێک کە لە دوای هێرشێکی هێزە ئازەربایجانییەکان دروستبوو".

دواتریش رایگەیاند کە 12 سەربازی کەوتوونەتە دەستی هێزەکانی ئازەربایجان. 

پێش ئەو راگەیێندراوانە، هەردوولا یەکدییان بە دەستپێکردنی شەڕ تۆمەتبار کرد. 

وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان رایگەیاند، "سەربازانی ئەرمینیا هێرشیان کردە سەر خاڵە سەربازییەکانی ئازەربایجان لە ناوچەی کالباجار و لاچین"، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دوو سەربازی ئازەربایجانی بریندار بوون. 

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی بەرگریی ئازەبایجاندا هاتووە، سەربازانی ئازەربایجان "پێشڕەوی دووژمنیان وەستاند و سەربازەکانی ئەرمینیایان گەمارۆدا و دەستگیریانکردن.. ئەرمینیا خەریکە بە مەبەست گرژییەکان زیاد دەکات و ئاشتی و سەقامگیریی بۆ ناوچەکە ناوێت."

لە بەرامبەریشدا، وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا رایگەیاند، سەربازانی ئازەربایجان هەوڵیانداوە سنوور "ببەزێن" پێش ئەوەی بەرپەرچیان بدرێتەوە. 

هاوکات یەکێتیی ئەوروپا داوای لە هەردوولا کرد، بە زووترین کات پێکدادانەکان بوەستێنن. 

چارڵس میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتییەکە، لە تویتێکدا رایگەیاند "داوای هێورکردنەوەی دەستبەجێ و ئاگربەستی تەواو دەکەین."

ئەوەشی خستەڕوو، "دۆخی ناوچەکە سەختە، یەکێتیی ئەوروپا پابەندە بە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانی بۆ ئەوەی بەسەر گرژییەکاندا زاڵبن لەپێناو باشوورێکی قەوقازی خۆشگوزەران و سەقامگیر."

ئەرمینیا داوای لە رووسیا کرد لە چوارچێوەی "رێکخراوی پەیماننامەی ئاسایشی بەکۆمەڵ" پاڵپشتیی سەربازیی پێبدات، کە بە گوێرەی ئەو پەیماننامەیە، پێویستە مۆسکۆ بەرگری لە یەریڤان بکات. 

ئارمن گریگۆریان، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەرمینیا گوتی: "بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هێرش کراوەتە سەر سەروەریی خاکی ئەرمینیا، ئێمە داوا لە فیدراسیۆنی رووسیا دەکەین سەروەریی خاکی ئەرمینیا بپارێزێت."

لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ساڵی رابردوو، ناوبەناو هەریەک لە ئەرمینیا و ئازەربایجان یەکدییان بە تەقەکردن لەوی دیکە تۆمەتبارکردووە، ئەوەش ترسی دروستبوونی شەڕێکی دیکەی لە ناوچەکەدا زیادکردووە.

رۆژی یەکشەممەی رابردوو، یەکدیان بە تەقەکردن لەسەر سنووری نزیک قەرەباخ تۆمەتبارکرد. 

جوداخوازە ئەرمینییەکان ساڵی 1991، دوای رووخانی یەکێتیی سۆڤییەت، هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخیان لە ئازەربایجان جیاکردەوە، ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی شەڕێک لەگەڵ ئازەربایجان کە تێیدا زیاتر لە 30 هەزار کەس کوژران.

ساڵی رابردوو، دووبارە شەڕ لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر ئەو هەرێمە دەستیپێکردەوە. شەڕەکە بۆ ماوەی شەش هەفتە بەردەوام بوو و زیاتر لە شەش هەزار و 500 کەس تێیدا کوژران. 

تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، بە نێوەندگیری رووسیا، ئاگربەست لە نێوانیاندا واژۆکرا و ئەرمینیا ژمارەیەک لەو ناوچانەی رادەستی ئازەربایجان کردەوە کە ماوەی چەندین دەیە بوو دەستی بەسەریاندا گرتبوو.

زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©