رۆژ بە رۆژ نرخی لیرەی تورکی زیاتر دادەبەزێت و ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ کرانەوەی بۆرسەکان 1 دۆلار بە 10.42 لیرەی تورکی مامەڵەی پێوەدەکرێت.

دابەزینی نرخی لیرەی تورکی گوشاری زیاتری لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە بۆ سەر حکومەتی ئەنقەرە دروستکردووە، بەجۆرێک گوشارەکە هەتا داواکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەش چووە. 

لە چەند ساڵی رابردوودا زۆربەی گرژی و کێشەکانی ئەنقەرە لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریکادا هۆکار بوون بۆ دابەزینی لیرە، بەجۆرێک بەهای لیرە بە چەند قۆناخێک بەرەو داکشانی زۆر چوو و ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد کە ئێستاش ئەو دابەزینە بەردەوامە. لە دوایین کاریگەرییەکاندا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی شەممە 23-10-2021 هەڕەشەی لە باڵیۆزانی 10 وڵات کرد و بە "پیاوە نەویستراوەکان" ناوی بردن. 

باڵیۆزانی ئەو 10 وڵاتە لە ئەنقەرە داوایان لە حکومەتی تورکیا کردبوو ئەو بڕیارە جێبەجێبکات کە لەلایەن دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ ئازادکردنی عوسمان کاڤاڵا، بازرگان و چالاکڤانی تورکیا دەرکراوە کە بێ ئەوەی هیچ تۆمەتێکی بەسەردا ساخ بێتەوە نزیکەی 4 ساڵە لە زیندانە.

هەروەها گۆڕینی دوو یاریدەدەری سەرۆک و ئەندامێکی کۆمیتەی سیاسەتی نەختینەی بانکی ناوەندیی لەلایەن ئەردۆغانەوە، بووە هۆی دابەزینی زیاتری نرخی لیرە. 

دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی تورکیا رۆژی پێنجشەممە 21ی تشرینی یەکەم، رێژەی سوودی بانکی لە 18% بۆ 16% کەمکردەوە، نرخی لیرە زیاتر دابەزی. تەنیا ئەمساڵ نرخی لیرەی تورکی بە رێژەی زیاتر لە 24٪ دابەزیوە.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©