کۆمپانیای فایزەر رێککەوتنێکی واژۆکرد بۆ رێگەدان بە کۆمپانیا گشتییەکانی دروستکردنی دەرمان کە حەبی دژە کۆرۆنای کۆمپانیاکە دروستبکەنەوە. ئەمەش رەنگە وابکات کۆمپانیاکانی دەرمان ئەو حەبە بەرهەمبێنن و لە 95 وڵاتدا بەکاربهێندرێت.

فایزەر رێککەوتنێکی لەگەڵ گرووپێکدا واژۆکرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی دەکات بۆ ئەوەی رێگە بە کۆمپانیا گشتییەکان بدرێت حەبەکەی فایزەر لە دژی کۆرۆنا دروستبکەنەوە، کە ئێستا لە قۆناخی تاقیکردنەوەدایە و ئەگەری هەیە ئەم هەنگاوە ئەو چارەسەرە بۆ نیوەی دانیشتووانی زەوی فەراهەم بکات.

کۆمپانیا گشتییەکانی دەرمان، ئەو کۆمپانیایانەن کە دەرمان بە هەمان پێکهاتەی کیمیایی بەرهەمهێنەرانی دەرمان دروستدەکەنەوە، بەڵام لەژێر ناوی هەمان برانددا نایفرۆشن و زۆرجار هەر بە ناوە زانستییەکەی دەیخەنە بازاڕەوە.

رۆژی سێشەممە کۆمپانیای فایزەر رایگەیاند، رێگە بە کۆمەڵەی داهێنەرانی دەرمان دەدات، کە ناوەندەکەی لە جنێڤە، بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی دیکەی دەرمان حەبە دژەڤایرۆسەکەی فایزەر دروستبکەنەوە بۆ ئەوەی لە 95 وڵاتدا بەرکاربهێندرێت، واتە دەگاتە دەستی 53٪ی دانیشتووانی زەوی.

فایزەر رازی بووە دەستبەرداری مافی خاوەندارییەتی ببێت لەو وڵاتانەی کەمداهاتن، هەروەها هەموو ئەو وڵاتانەی رێککەوتنەکە دەیانگرێتەوە، لە کاتێکدا پەتای کۆڤید-19 هێشتا کێشەیەکی تەندروستی سەرەکییە لە جیهان.

بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن، ئەوەی کە ئەو رێککەوتنە پێش پەسندکردنی دەرمانەکە بۆ بەکارهێنان کراوە، رەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی خێراتر کۆتایی بە پەتاکە بهێندرێت.

ئێستێبان بورۆن، سەرۆکی سیاسەت لە کۆمەڵەی داهێنەرانی دەرمان دەڵێت، "شتێکی گەورەیە کە دەستگەیشتن بە دەرمانێک بۆ زیاتر لە چوار ملیار کەس فەراهەم دەکەین کە وا دەردەکەوێت کاریگەربێت و تازە پەرەی پێدراوە".

ئەو پێشبینیدەکات کۆمپانیاکانی دیکە دەتوانن لە ماوەی چەند مانگێکدا دەستبکەن بە بەرهەمهێنانی دەرمانەکە، بەڵام ئەوەشی خستەڕوو کە رەنگە هەموو کەسێک بە رێککەوتنەکە خۆشحاڵ نەبن.

بورۆن دەشڵێت، "هەوڵ دەدەین رێککەوتنێک بکەین کە باڵانسێکی ورد لەنێوان بەرژەوەندی کۆمپانیاکە و ویستی بەرهەمهێنەرە گشتییەکان بپارێزتن، لە هەمووشی گرنگتر پێویستییەکانی تەندروستیی گشتی لە وڵاتانی کەمداهات و مامناوەندەکان".

رێککەوتنەکە چەند وڵاتێکی گەورە کە کۆرۆنا بە شێوەیەکی فراوان تێیاندا بڵاوبووەتەوە ناگرێتەوە. بۆ نموونە، لە کاتێکدا کۆمپانیایەکی بەڕازیلی دەتوانێت رەزامەندیی دروستکردنی دەرمانەکە وەربگرێت بۆ ئەوەی هەناردەی وڵاتانی دیکەی بکات، بەڵام ناتوانێت لەنێو بەڕازیل بیخاتە بازاڕەوە.

کۆمەڵەی پزیشکانی بێسنوور رایگەیاند، جێی نائومێدییە کە رێککەوتنەکەی کۆمپانیای فایزەر دەرمانەکە بۆ هەموو جیهان دابین ناکات، ئاماژە بەوەشدەکات رێککەوتنەکە چەند وڵاتێک ناگرێتەوە لەوانە چین، ئەرجەنتین و تایلاند.

یوانکیۆنگ هوو، راوێژکاری باڵای سیاسەتی یاسایی لە رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور دەڵێت: "جیهان دەزانێت دەستگەیشتن بە ئامرازە چارەسەرییەکانی کۆڤید-19 پێویستە بۆ هەموو کەسێک لە هەموو شوێنێک گەرەنتی بکرێت، ئەگەر بە راستی بمانەوێت پەتاکە کۆنترۆڵ بکەین".

لە سەرەتای ئەم مانگەدا، فایزەر رایگەیاند، ئەو حەبە نوێیەی مەترسیی خەواندن لە نەخۆشخانە و مردن بە رێژەی 90٪ کەمدەکاتەوە لە کەیسەکانی مامناوەند و ناوەندیی تووشبوون بە کۆرۆنا.

فایزەر هەروەها رایگەیاند، داوا کە دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکا دەکات بۆ ئەوەی بە زووترین کات دەرمانەکە پەسندبکەن.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©