بەهۆی شەڕی تاڵیبان و حکومەتی پێشووی ئەفغانستان بەشێک لە خەڵکی وڵاتەکە ئاوارەبوون و لە شارۆچکەی ئینجیل لە ویلایەتی هیراتی رۆژئاوای ئەفغانستان نیشتەجێبوون. ئێستا برسین و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان نییە.

گول هوزار، ئاوارەیەکی خەڵکی ئەفغانستان دەڵێت، "هیچمان نییە بیخۆین. لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین. هیچ ئاو نییە. منداڵەکانمان ماڵ بە ماڵ دەڕۆن تاوەکو هەندێ ئاو بدۆزنەوە و بێنن. ئێمە بێلانەین."

پرۆگرامی خۆراکیی جیهانی دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەفغانستان ژیانیان لە قاتوقڕی نزیکبووەتەوە، گەیشتووەتە 8.7 ملیۆن کەس، واتە سێ ملیۆن زیادی کردووە بە بەراورد بە سەرەتای ئەمساڵ. 

بە گوێرەی ئەو رێکخراوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆی گشتی، 24 ملیۆن کەس، واتە 60٪ی دانیشتووانی ئەفغانستان بەهۆی برسێتیی دژوارەوە دەناڵێنن و هۆشداریشی داوە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ 97٪ی ئەفغانییەکان بکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە. 

هەروەها مەزەندە دەکرێت تاوەکو ئەو کاتە، 3.2 ملیۆن منداڵی تەمەن خوار 5 ساڵ، بەدەست بەدخۆراکیی تووندەوە بناڵێنن. 

جان محەممەد، ئاوارەیەکی دیکەیە و دەڵێت، "ئێمە پاکەتی جگەرە و کارتۆن لە نێو زبڵدا کۆدەکەینەوە بۆ ئەوەی ئاگریان پێبکەینەوە. هەندێ خەڵک و بازرگان برنجمان پێدەبەخشن، ئێمەش بە منداڵەکانمانی دەدەین. زۆربەی کات، هەندێ نان و چامان هەیە بۆ خواردن و خواردنەوە. ئێمە نە پارە و نە پێداویستییەکانی دیکەی ژیانمان نییە."

زیاتر لە 3.5 ملیۆن کەس بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی ساڵانی رابردوو و سەرووی نیو ملیۆنی دیکە بەهۆی شەڕی ئەمساڵەوە، ئاوارەبوون و لە دۆخێکی سەختدا دەژین، ئێستاش چاوەڕێی زستانێکی سەخت دەکەن.
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©