وەزارەتی ناوخۆی پۆڵەندا رایدەگەیێنێت، لە مانگی 12ـی ئەمساڵ دەست بە دروستکردنی دیوارێک بە درێژایی سنووری وڵاتەکەیان لەگەڵ بێلاڕووس دەکەن. دیوارەکە نزیکەی 180 کیلۆمەتر درێژ دەبێت و بە تێچووی نزیکەی 407 ملیۆن دۆلار دروستدەکرێت.

وەزارەتی ناوخۆی پۆڵەندا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بە دروستکردنی دیوارێک دەدات بۆ رێگریکردنی کۆچبەران بۆ بەزاندنی سنوورەکانیان و دەڵێت، لە 15-12-2021 گرێبەستی دروستکردنی دیوارەکە واژۆ دەکەن و دواتر بەشێوەی 24 کاژێر لە رۆژدا کاری لەسەر دەکەن.

ماریوز کامینسکی، وەزیری ناوخۆی پۆڵەندا لەو بارەوە گوتی، ئەو کارەی کە دەیکەن بە تەواوی ستراتیژییە و رێگەیەک بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوە و هاووڵاتییەکانیان.

مانگی رابردوو پەرلەمانی وڵاتەکە رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ دروستکردنی ئەو دیوارە.

ماوەی نزیکەی سێ مانگە کۆچبەران لە رێگەی بێلاڕووسەوە هەوڵدەدەن بچنە پۆڵەندا و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا.

پۆڵەندا هەزاران سەربازی ناردووەتە سەر سنوور و بە تەلبەند رێگری لە کۆچبەران دەکات، بەڵام لە دوایین هەنگاو و چارەسەردا بۆ ئەو دۆخە، پۆڵەندا دەیەوێت دیوارێک دروستبکات.

نزیکەی سێ بۆ چوار هەزار کۆچبەر کە بەشێکی زۆریان کوردن لەسەر سنووری بێلاڕووس-پۆڵەندا گیریان خواردووە. یەکێتیی ئەوروپا پاڵپشتی لە دراوسێکانی بێلاڕووس، واتە پۆڵەندا، لاتڤیا و لیتوانیا دەکات بۆ رێگریکردن لە لێشاوی کۆچبەران.

هەروەها یەکێتیی ئەوروپا ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس بە هاندان و ئاسانکاری بۆ کۆچبەران تۆمەتبار دەکات، لە بەرامبەریشدا سەرۆکی بێلاڕووس دەڵێت، کار و سیاسەتەکانی بەشێک لە وڵاتانی رۆژئاوا بوونەتە هۆی تێکچوونی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کۆچی بە لێشاوی خەڵکی ئەو وڵاتانە.
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©