دیاردەی کۆچ کە دیاردەیەکی جیهانییە و ئەم دیاردەیە لە زۆربەی وڵاتان هەیە و کۆچکردن و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئاسوودە و بەری لە شەڕ و ئاژاوە، زیاتر لە وڵاتانی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو وڵاتانەیە کە تێیاندا شەڕ و ململانێ هەیە کە ئێرانیش وەک وڵاتێکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم بارەوە پشکی شێری بەرکەوتووە.


 ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش وەک ناوچەیەک کە لە زۆر بوارەوە پەراوێز خراوە، بێکار و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان زیاترن و دیاردەی کۆچ تێیدا لە ناوچەکانی دیکەی ئێران زیاترە و لەناو ئەو شەپۆلە کۆچەدا کە ئێستا ڕووویان لە بێلاڕووس کردووە بە دەیان گەنجی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی تێدایە.
زیاتر لە چوار ملیۆن ئێرانی لە تاراوگە دەژین


بەپێی نوێترین ئامار و داتا کە کۆمەڵەی کۆچبەرانی جیهان بڵاوی کردووەتەوە ساڵی 2020 زیاتر لە 281 ملیۆن خەڵک کە دەکاتە 3.6٪ی کۆی دانیشتوانی جیهان، لە شوێنی ژیانی خۆیان بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئاسوودە کۆچیان کردووە.


هاوکات بەپێی نوێترین ئامارەکان هەتا ساڵی 2021 ژمارەی ئەو ئێرانییانەی کە کۆچیان کردووە، گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 800 هەزار کەس کە ئەم ڕێژەیە دەکاتە 2.23٪ی کۆی دانیشتوانی ئێران، ئەم ئامارە لە کاتێکدایە کە نووسینگەی ئەنجوومەنی باڵای ئێرانیان، ژمارەی هاووڵاتییانی ئێرانی لە وڵاتانی بیانی 4.04 ملیۆن کەسە، بەڵام ناوەندە فەرمییەکانی ئاماری ئێران ئەو ئامارەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.


ماڵپەڕی (ئیندێپێندێت)ی فارسی لەم بارەوە بڵاوی کردووەتەوە، لە ساڵانی ڕابردوودا کە گوشارە سیاسییەکان، هەروەها گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا و ئورووپا لەسەر ئێران زیاتر بوون، بۆیە ئەمەش بووەتە هۆی قەیرانی بێکار و گرانی و لەدەستدانی دەرفەتی کار، بۆیە ساڵانە بە هەزاران کەس لەڕێگای جیاوازەوە ڕوو لە تورکیا، عێراق، ئیمارات، کوێت و وڵاتانی ئەورووپی و کەنەدا و ئەمریکا و ئوسترالیا دەکەن.


هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە لە سێ ساڵی ڕابردوودا 77 هەزار ئێرانی کۆچیان کردووە، هاوکات ناوەندی ئاماری کۆچبەرانی ئێران لە دەرەوەی وڵات بڵاوی کردووەتەوە هەتا ناوەڕاستی ساڵی 2021 ژمارەی ئەو ئێرانییانەی کە لە 30 ساڵی ڕابردوودا کۆچیان کردووە، چوار قات زیاتر بووە.


ژمارەی ئەو ئێرانییانەی کە تا ساڵی 1990 ڕوویان لە وڵاتانی بیانی کردووە، 820 هەزار کەس بووە، کە ئەم ڕێژەیە تا کۆتایی ساڵی 2020 گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 800 هەزار کەس، واتە لە 30 ساڵی ڕابردوودا ژمارەی ئەو ئێرانییانەی کەکۆچیان کردووە، 2.2 بەرانبەر زیادی کردووە.


لەناو ئەو ئێرانییانەدا کە ساڵانە کۆچ دەکەن و بەدوای کار و ژیانی ئاسوودەدا دەگەڕێن، بە سەدان کەسیان لە کەسانی نوخبە، خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا، ماستەرو و خوێندکارن کە هاوکات لە نێویشیاندا خوێندکارانی سەرکەوتوو و کەسانی خاوەن خەڵاتی جیهانی دەبینرێن.


ماڵپەڕی (تەجارەت‌نیوز) لەم بارەوە بڵاوی کردووەتەوە 37٪ ئەو کەسانەی لە بوارە زانستی و وەزشییەکاندا پلەی جیهانییان بەدەست هێناوە، بە هۆکاری هەڵاواردنی سیاسی، نەتەوەیی و مەزهەبی وڵاتیان بەجێ هێشتووە.


هەڵاتنی مێشک و نوخبەکان لە ئێران کە بە سەرمایەی وڵات دێنە ئەژمار، لە حاڵەت دەرچووە و بووە بە دیاردە، کە بەپێی دوایین ئاماری ناوەندی ئاماری دامەزراوەی کۆچبەرانی ئێران، لە کۆی دوو هەزار و 765 کەس کە خاوەنی خەڵات و مەدالیای ئۆلەمپیی نێودەڵەتی و ناوخۆیین لە ماوەی 11 ساڵدا زیاتر لە یەک هەزار کەسیان ئێرانیان بەجێ هێشتووە کە لەو کۆیە تەنیا 122 کەسیان گەڕاونەتەوە ئێران.


لەناو ئەم شەپۆلە کۆچبەرییەدا کە لە چەند مانگی ڕابردوودا بەرەو ئەورووپا دەستی پێکردووە، ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی تێدایە کە لە شارەکانی کرماشان، سنە، پاوە، مەریوان، بانە و سەردەشت ژمارەیەکی زۆر گەنج ڕوویان لە ئەورووپا کردووە، کە تەنیا لە جوانڕۆ زیاتر لە 50 گەنج و لە ناوچەیەکی سەردەشتیش 30 گەنج لەناو کۆچبەراندا دەبینرێن.


بەپێی زانیاری و ئاماری ناوەندەکانی مافی مرۆڤی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵانە سەدان گەنجی کورد بە هۆکاری سیاسی و گوشاری ئەمنیی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران، ڕۆژهەڵات بەجێ دەهێڵن و ڕوو لە باشووری کوردستان دەکەن، یان لەناو پارتە سیاسییەکان دەگیرسێنەوە، یان بە ناچاری ڕوو لە ئەورووپا دەکەن.


یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی کۆچی گەنجانی کوردی ڕۆژهەڵات، بێکاری و گرانی و نەبوونی دەرفەتی کارە، چونکە بەهۆی نەبوونی کارگە و ناوەندەکانی پیشەسازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەپێی ئامارەکان زیاتر لە 20 هەزار کاسبکاری کورد لە سنوورەکان بە ناچاری سەرقاڵی کۆڵبەرین کە ساڵانە بە دەیان کەسیان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران و بە ڕووداوە سروشتییەکان لە سنوورەکان دەبنە قوربانی.


بەپێی ئاماری ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، تەنیا لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا تەنیا لە شارەکانی بانە، سەقز، مەریوان و سنە 35 گەنجی کورد لەلایەن انوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون، کە هەتا ئێستا هۆکاری دەستگیرکردنی بەکۆمەڵی ئەو گەنجانە دیار نییە و ئەم گوشارە سیاسی و ئەمنییانە هۆکارن کە بە ناچاری وڵات بەجێ بهێڵن، بە جۆرێک ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی چەند گوندێکی بانە لە ترسی دەستگیرکران، لە ماڵ هەڵاتوون و شەوانە لە شاخ و کێوەکان دەمێننەوە.

زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©