کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرقاڵی چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەرانی سەر سنووری نێوان بێلاڕووس و پۆڵەندایە، ئەمەش لە کاتێکدایە دۆخەکە خەریکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت و رۆژ دوای رۆژ چاوسوورکردنەوەی سەربازانی بێلاڕووس و پۆڵەندا لە یەکدی تووندتر دەبێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاز دەکات مافی پەناخوازیی ئەوانە قبووڵ بکرێت کە ناتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان، ئەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت لەگەڵ خێزانەکانیان لە وڵاتانی ئەوروپا یەکبگرنەوە رێگەیان پێبدرێت، هەروەها ئەو کۆچبەرانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بە سەلامەتی و بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان.

فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "لەلای خۆمانەوە دوو ئاژانسمان هەن، رێکخراوی پەنابەریی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، ئێمە لەت واناماندایە یارمەتیدەربین و خوازیارین ئەوەی لە دەستمان بێت بیکەین بۆئەوەی کێشەکە چارەسەر بکەین".

رێکخراوی خاچی سووری پۆڵەندی، دەرگای هاوکارییەکان بۆ کۆچبەرانی سەر سنوور دەکاتەوە. رێکخراوەکە دەڵێت، گەڕێکی پێداویستیی سەرەتایی گەیاندووەتە خەڵک و سەرقاڵی گەڕی دووەمە؛ لە دیوی بێلاڕووسیشەوە سوپای وڵاتەکە چادر بۆ کۆچبەران هەڵدەدەن و یارمەتییان پێدەگەیێنن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەو کۆچبەرە سوورییەوە کە رۆژی شەممە لەسەر سنووری پۆڵەندا رەقبووەوە، تاوەکو ئێستا لانیکەم نۆ کۆچبەر لەسەر سنوورەکان لە سەرما، یاخود لە برسان، گیانیان لەدەستداوە.

جۆشیمسکی، کارمەندی خاچی سووری پۆڵەندی دەڵێت، "هاوکاریی زۆرمان دابەشکرد، ئەمانە هاوکارییەکانی رێکخراوی خاچی سووری پۆڵەندین، پاکێجێک پڕاوپڕە لە پێڵاو، پانتۆڵ، چاکەت و کەرەستەکانی خۆگەرمکردنەوە".

لەو ناوچەیەی کۆچبەرە کوردەکان گیریانخواردووە، بیرەوەریی تاڵی جەنگی جیهانیی دووەمی لێ تۆمارکراوە، ئەو کۆمێنتانەی ئەلێکساندەر لوکاشینکۆی سەرۆکی بیلاڕووس بڵاویاندەکاتەوە، بە ئاماژەی باش لێک نادرێنەوە.

لوکاشینکۆ دەڵێت، "ئەگەر هەڵەیەک بکەین و خوانەخواست لەدەستمان دەرچێت، ئەم شەڕە راستەوخۆ رووسیا رادەکێشێت کە گەورەترین زلهێزی ئەتۆمییە".

پۆڵەندا 17 هەزار سەربازی رەوانەی سەر سنوور کردووە، بەریتانیاش 10 سەربازی بۆ بەرزکردنەوەی ورەی پۆڵەندییەکان ناردووەتە سەر سنوور، وڵاتانی ئەوروپییش پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ پۆڵەندا دەربڕیوە.
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©