پۆلیسی سوێد رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 31ی ئۆکتۆبەری رابردوو، 22 کەس لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد بە گولـلە کوژراون.

پۆلیسی سوێد لە ئامارێکی نوێدا ئاشکرایکرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 31ی ئۆکتۆبەری رابردوو، تەنیا لە پارێزگای ستۆکهۆڵم 115 ئاگادارکردنەوەیان پێگەیشتووە سەبارەت بە رووداوی تەقەکردن کە 22 قوربانییان لێکەوتووەتەوە.

بەپێی راگەیێندراوی پۆلیسی سوێد، ئەو گەنجەی کە شەوی هەینیی رابردوو 12-11-2021 لە رۆژئاوای ستۆکهۆڵم بەهۆی برینەکانی گیانی لەدەستدا، بووە قوربانیی ژمارە 22ی رووداوەکانی تەقەکردن کە لە ئەمساڵدا لە ستۆکهۆڵم روویاندا، بەشێکی زۆری ئەو رووداوانەش پەیوەندییان بە ململانێی نێوان مافیاکانەوە هەیە، بەڵام لەو رووداوانە دەکۆڵنەوە بۆ گەیشتن بە راستییەکان و هۆکارەکانی ئەنجامدانی ئەو تاوانانە.

سەبارەت بە زۆربوونی رووداوەکانی تەقەکردن لە سوێد، ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت، تەنانەت قوربانییەکانی ئەو تاوانانە کۆچبەر و نەوەی کۆچبەرەکانن لە سوێد کە گەنجی تەمەن خوار 30 ساڵن و بێکارن و بڕوانامەی ناوەندیشیان نییە، هەروەها لە گەڕەکە پشتگوێخراوەکاندا دەژین.

ئاژانسەکە دەشڵێت، ئەو کۆچبەرانە بۆ تۆڵەکردنەوە یان وەرگرتنەوەی قەرز و ململانێ بۆ خۆسەپاندنی گرووپە چەتەکانیان، تەقە لە یەکدی دەکەن، ئەو رووداوانەش هەڕەشە لە پرەنسیپەکانی یەکسانی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکەن کە بناخەی وڵاتی سوێدە.
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©