یەکێک لە کوڕەکانى موعەمەر قەزافى سەرۆکى پێشوى لیبیا خۆى بۆ پۆستى سەرۆکایەتى لیبیا کاندید دەکات.

میدیاکانى لیبیا بڵاویانکردەوە، سەیفولئیسلام قەزافى کوڕى موعەمەر قەزافى سەرۆکى پێشوى لیبیا دۆسیەى خۆکاندیکردنى بۆ بەشداریکردنى لە کێبرکێى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى وڵاتەکەى پێشکەشى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى لیبیا کردوە، کەبڕیارە لە (24)ى مانگى داهاتودا بەرێوەبچێت.

بەپێى ئەو وێنانەى کە لە میدیاکانى لیبیا بڵاوکراوەتەوە، سەیفولئیسلام بە جلوبەرگى تایبەتى لیبیەوە دەرکەوتوە لەکاتى پێشکەشکردنى دۆسیەى خۆکاندیدکردنى بۆپۆستى سەرۆکى لیبیا لە ئۆفیسى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى لیبیا لە پارێزگاى سەبها لە باشورى خۆرئاواى  ئەو وڵاتە.

پێشتریش سەیفولئیسلام قەزافى لەکاتى دەرکەوتنى لە یەکێک لەکەناڵەکانى راگەیاندنى ئەمەریکا ئاماژەى بەوەدا کە بەنیازى خۆکاندیدکردنە بۆ سەرۆکى لیبیا و رایگەیاند، کاتەکە گونجاوە بۆ گەڕانەوە.

سەیفو لئیسلام قەزافى تەمەنى (49) ساڵە، ساڵى (2011) دواى کەوتنى دەسەڵاتەکەى باوکى  لەلایەن ئەو گروپە چەکدارانەى کە بە (شۆڕشگێڕانى لیبیا) ناودەبران دەستگیرکرا، ساڵى (2017) بە بڕیارى حکومەتى کاتى لیبیا ئازادکرا.
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©