سنورەکانی بیلاڕوس و پۆڵەندا دەبێتە ناوچەیەکی نوێ بۆ تراژیدیەکی دیکەی کۆچبەران و نوێترین قوربانیشی گەنجێکی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستانە.

پێگەی ئین فۆ مایگرێنتس لە هەواڵێکیدا بڵاویکردوەتەوە، کوڕێکی تەمەن چواردە ساڵی کورد لە سنورەکانی نێوان پۆڵەندا و بیلاڕوس بەهۆی سەرماوە گیانیلەدەستداوە.

ئین فۆ مایگرێنتس، کە پێگەیەکی تایبەت بە کۆچبەرانە باسی لەوەشکردوە، ئەو گەنجە کوردە نوێترین قوربانی قەیرانەکانی سنوری پۆڵەندا و بیلاڕوسە، کە کۆچبەران بەشێوەیەکی توند رێگریان لێدەکرێت.

رونیشکردوەتەوە، گەنجەکە خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە و لە رۆژی چوارشەممەوە گیانی لەدەستداوە.

بەپێی زانیارییەکان لە ئێستادا نزیکەی (1800) کۆچبەر لە سنورەکانی بیلاروس و پۆڵەندان، کە زۆرینەی ئەو ژمارەیەش هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و  رۆژئاوای کوردستانن.


هەر بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست کەوتوون لە کۆچبەرانەوە ، هاوڵاتیانی  ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پشکی شێری کۆچبەرانیان بەردەکەوێت و لە ئێستادا هاوشێوەی کۆچبەرانی دیکە لە ژیانانێکی سەختەدان.

هەرچەندە بەرپرسانی بیلاڕوس و پۆڵەندا بە شێوەیەکی بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە بەشێوەیەکی باش مامەڵە لەگەڵ کۆچبەران دەکەن، بەڵام رۆژدوای رۆژ گوزەرانی کۆچبەران لە سەرسنورەکان خراپتر دەبێت، وەک چاوەڕوانیش دەکرێت ئەگەر چارەسەرێکی گونجاو بۆ پرسی کۆچبەران نەدۆزرێتەوە، سنورەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەبێتە ناوچەیەکی نوێ بۆ تراژیدیایەکی دیکەی کۆچبەران.

لە ماوەی رابردوو تا ئێستاش ئاژانسەکانی کۆچی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان، بە شێوەیەکی بەردەوام هۆشداریدەدەن لە دۆخی کۆچبەران و داوای بەهانەوەچونیان دەکەن.

زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©