زیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشیی شەکرە رایدەگەیێنێت کە لە دهۆک ژمارەی تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە لە زیادبووندایە و نزیکەی 120 هەزار هەڵگری ئەو نەخۆشییە لەو پارێزگایە هەن.

د. بڵند بەیار، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیی شەکرە و گورچیلە لە دهۆک رایگەیاند: "تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە لە جیهاندا لە زیادبووندایە. لە ساڵی 1980دا 100 ملیۆن کەس تووشبووی نەخۆشیی شەکرە بوون، بەڵام ساڵی 2015 ژمارەکە زیاد بوو بۆ 400 ملیۆن کەس و، پێشبینییش دەکرێت لە ساڵی 2030ـدا بگاتە 600 ملیۆن کەس. ئێمەیش پێمانوایە کە رێژەی 12٪ی دانیشتووانی دهۆک هەڵگری نەخۆشیی شەکرەن کە نزیکەی 120 هەزار کەسن و تەنیا نزیکەی 30 هەزار کەسیان تۆمار کراون. 5٪ـی هەڵگرانی نەخۆشیی شەکرە نیشانەیان لێ دەرناکەویت و پێینازانن."

بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان و خۆپارێزی لە تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە لقی هەرێمی کوردستانی فیدراسیۆنی جیهانیی قوتابییانی پزیشکی لە رۆژی جیهانیی شەکرەدا کە 11/14یە کۆمەڵێک چالاکی لە پێنج شاری هەرێمی کوردستان ساز دەکات.

شیلان ئەحمەد، سەرۆکی بنکەی جەماوەریی فیدراسیۆنی جیهانیی قوتابییانی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "رۆژی 11/14ی بە بۆنەی رۆژی جیهانیی شەکرەوە هەوڵمان داوە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا چالاکی ساز بکەین کە ئەوانیش لە زاخۆ، دهۆک، هەولێر، کۆیە و سلێمانی دەکرێن و هەموویشیان لە هەمان کاتدا دەبن. ئەوەیش بۆ هۆشیارییە لەبارەی ئەو نەخۆشییەوە."

بە وتەی شیلان ئەحمەد، لەو رۆژەدا ماراسۆنێک رێکدەخەن کە هەموو جۆرە کەسێک دەتوانێت تێیدا بەشدار بێت و جلی تایبەتیان بۆ ئامادە کراوە. هاوکات لە هەر پێنج شارەکە پشکنینی دیاریکردنی شەکرە بۆ هاونیشتمانییان دەکرێت.

د. بڵند بەیار، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیی شەکرە و گورچیلە جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت هاووڵاتی هۆشیار بن و هەوڵ بدەن و خۆیان لە تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە بپارێزن و، پێویستە لە ناوەندەکانی خوێندنیشدا هۆشیاری لەبارەیەوە بڵاوبکرێتەوە.

سێ جۆر نەخۆشیی شەکرە هەن: شەکرەی منداڵان، شەکرەی کەسانی گەورەی سەروو 35 ساڵان و شەکرەی ئافرەتانی دووگیان. تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە چەند هۆکارێکی هەیە کە بۆماوەیی، قەڵەوی و خواردنی خێرا دیارترینیانن

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©