شوفێری شەمەندەفەرێک لە ژاپۆن لەسەر یەک خولەک دواکەوتن لە کاتی خۆی بە 37 دۆلار سزادرا، شوفێرەکە لە دادگا سکاڵای تۆمارکردووە و گوتوویەتی دواکەوتنەکە: "هەڵەی منی تێدا نەبووە."

کێشەی نێوان شوفێرەکە و کۆمپانیای هێڵی شەمەندەفەری ژاپۆن بۆ ساڵێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەڵام تازە بە تازە لە دادگا گەرمدەبێتەوە، خاوەن کۆمپانیا دەڵێت ئێمە رێسا و یاسای خۆمان جێبەجێکردووە، کە دەڵێت: "ئیش نەکەی پارە وەرناگری."

داواکەی شوفێری شەمەندەفەرەکە شتی زیاتر لەخۆدەگرێت، دەڵێت دەبێت 37 دۆلاری سزاکە و نزیکەی 20 دۆلاری کاری زیادە و 5 دۆلاریشی وەکو قەرەبوو بۆ ئەو رەوشە دەروونییەی بەهۆی بڕیاری کۆمپانیاکەوە دووچاری بووە، بۆی بگەڕێندرێتەوە.

لەوانەیە دادگا بە ئاسانی کێشەی ئەو دوو لایەنە یەکلایی بکاتەوە، بەڵام ئەمە وردی و پابەندی هێڵی شەمەندەفەری ژاپۆنی دەسەلمێنێت، کە لەگەڵ بچووکترین دواکەوتن دەبێت داوای لێبووردن لە سەرجەم سەرنشینان بکات.

ئەو شوفێرەش کە لەکاتی خۆیدا دواکەوتبوو، هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بۆ ماوەی کەمتر لە یەک خولەک شەمەندەفەرەکەی بە هەڵە پەڕیوەتەوە سەر ‌هێڵێکی دیکە، خاوەن کۆمپانیاکەش دەڵێت ئەوکاتەی ئەو شەمەندەفەرەکەی بە هەڵە بە هێڵێکی دیکە تێپەڕاندووە، ئێمە بە نەهاتوو بۆی هەژمار دەکەین.

لە ژاپۆن زۆر بە دەگمەن شەمەندەفەر لەکاتی خۆیدا دوادەکەون، ئەگەر دواشبکەون زۆربەی کات بەهۆی زەمینلەرزەیە یاخود لافاو و کارەساتێکی سرووشتی.

لە 2017دا کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتی هێڵی ئاسنین لە تۆکیۆ داوای لێبووردنی لە سەرجەم سەرنشینانی کرد بەهۆی ئەوەی یەکێک لە شەمەندەفەرەکانی 20 چرکە لەکاتی خۆی زووتر بەڕێکەوتبوو.
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©