رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند بەپێی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان پێویستە وڵاتان پابەندبن بە مافی کۆچبەران و پاراستنی ژیانیان، دەشڵێت "ئەوانەی کۆچ دەکەن چیڕۆکی ناڕاست باس دەکەن لە بارەی ھەرێمی کوردستانەوە تەنیا لە پێناو وەرگرتنیان و لە لایەن بازرگانانی سیاسی بەکاردەهێنرێن بو خراپکردنی ناوبانگی هەرێمی کوردستان".

دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێنراوێکی لەبارەی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان لەسەر سنوورەکانی پۆڵەندا و بێڵاڕووس بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ماوەیەکە کێشەی کۆچبەرانی سەر سنووری پۆڵەندا و بێلاڕووس بووەتە باسی هەندێک رێکخراو و میدیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و چەند لایەنێک هەوڵدەدەن وەک کارتێکی گوشار بەکاریبهێنن گوایە بارودۆخی گوزەرانی هاونیشتیمانیانی هەرێم هۆکاری کۆچکردنی ئەو کەسانەیە بۆ وڵاتانی دەرەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە رۆژانی رابردوودا ژمارەیەک کۆچبەر کە بەشێکیان هاونیشتیمانیانی هەرێمن لەسەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا کۆبوونەوە و بە لێشاو هەوڵی چوونە نێو خاکی پۆڵەندایان دا".

دیندار زێباری دەڵێت: کێشەی کۆچبەران بابەتێکی نوێ نییە، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا ئاڕاستەیەکی نوێی بەخۆیەوە بینیوە و وڵاتان وەک کارتێکی گوشاری سیاسی دژی یەکتری بەکاری دەهێنن، ماوەیەکە پەیوەندییەکان نێوان وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و هەندێک وڵاتی ناوچەکە روو لە گرژیە، بۆیە کەیسی کۆچبەرانیان وەک کارتێک دژی یەکتر بەکارهێناوە."

حکومەتی بێلاڕووس، کە بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانەوە کۆمەڵێک سزای لەلایەن یەکێتیی ئەوروپا بەسەردا سەپێندراوە، بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە کۆچبەران وەکو کارتی گوشار لەدژی یەکێتییەکە بەکاردێنێت.

بەپێی قسەی ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەناران ئەمساڵ زیاتر لە 4000 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە بێلاڕووس. هەندێک لەو کۆچبەرانە تاوەکو ئێستا لەوێ ماون.
دیندار زێباری لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک دژی بە قاچاخبردنی هاووڵاتیانە بۆ دەرەوە". 

بە گوتەی زێباری  پرۆسەکە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان. کۆچبەران لە رێگای وڵاتانی دراوسێوە بە ڤیزای گەشتیاری یان بە هەر شێوەکی دیکە روو لە وڵاتانی ئەوروپا دەکەن، بەداخەوە پرۆسەکە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەکرێت، بۆیە دەبینین بە چەند کاروانێک هەزاران کەس کۆدەکرێنەوە و ئاسانکاریی زۆریان بۆ دەکرێت تا دەگەنە سنووری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، بەشێکیان دانیشتووی هەرێمی کوردستان و عێراقن، بەڵام خاوەن رەگەزنامەی وڵاتانی تریشیان لەگەڵدایە، لەمدواییەدا میدیاکانی پۆڵەندا رایانگەیاندووە کە لە چەند رۆژی رابردوو دوو کاروانی زۆری کۆچبەران، کە ئەفریقیایی و ئەوروپی بوون لە سنوورەکانی ئەو وڵاتە پەڕینەوە".

دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە رەوشی کۆچبەران لە سنووری وڵاتانی بیلاڕووس و پۆڵەندا گوتی: "بەپێی بەدواداچوونەکانمان لە چەند رۆژی رابردوو نزیکەی 3 بۆ 4 هەزار کۆچبەر بە هەموو نەتەوە جیاوازەکانەوە لە نزیک سنووری پۆلەندا هەوڵی پەڕینەوەیانداوە، لەوانە بەشێکیان هەڵگری ناسنامەی عێراقین. حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە دژی هەر هەنگاوێکە کە ببێتە هۆی گەڕانەوەی زۆرەملێی ئەو کۆچبەرانە، بەپێی رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان پێویستە پۆڵەند و بێلاڕووس پابەند بن بە پرەنسیپەکانی جاڕنامەی جێهانی مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی مافی کۆچبەران و پاراستنی ژیانیان، ئێستا بە هۆی سەرما و سۆڵەوە کۆچبەران لە دۆخێکی مرۆیی سەخت و دژواردا دەژین و پێویستییان بە یارمەتییە". 

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک لایەن و رێکخراو هەوڵدەدەن وا نیشان بدەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە لە مەینەتی کۆچبەرانی سەر سنووری پۆڵەند و بێلاڕووس و لەم بارەوە گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان رووبەرووی دۆخێکی ئابووری سەخت بووەتەوە بە هۆی پێشوازیکردنی لە نزیکەی دوو ملیۆن کۆچبەر و ئاوارە کە ت ئێستا ژمارەیەکی زۆریان لە هەرێم ماونەتەوە لەوانە 689 هەزار و 903 ئاوارەی ناوخۆیی کە بەشێکی زۆریان دانیشتووی ناوچە کێشەلەسەرەکانن و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان بەهۆی ناسەقامگیری ئەمنی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، ئەم دۆخە جۆرێک لە نائومێدی لە دەروونی هاووڵاتیان دروستکردووە لەم ناوچانە، بۆیە بەشێکی زۆری پێکهاتەکان ئەو ناوچانە روویان لە دەرەوەی وڵات کردووە."

دیندار زێباری لەکۆتایی راگەیێنراوەکەیدا دەڵێت"كۆچكردن دياردەیەكى جيهانييه و تەنيا تايبەت نييه به كوردستان. ئێستا لە کوردستان مافەکانی هاووڵاتیان بەپێی یاسا پارێزراوە و  لەم دواییەدا حکومەتی هەرێم پلانی هەرێمیی بۆ مافەکانی مرۆڤ پەسند کردووە و پاڵپشتی تەواوی جێبەجێکردنیەتی، ئەم پلانە گشتگیرە و هەموو جومگەکانی دەسەڵات و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چالاکوانان و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و نوێنەرایەتی وڵاتان بەشدارن لە جێبەجێکردنیدا بە مەبەستی پەرەپێدانی بنەماکانی شەفافیەت، رۆڵی یاسا و حوکمڕانی باش".
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©