بەرپرسی هەرە باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری مافی مرۆڤدا رایگەیاند، قەیرانی کۆچبەران لەسەر سنووری پۆڵەندا و بێلاڕووس "قبوولناکرێت" و گوتیشی نابێت بۆ شەوێکی دیکە لەو بارودۆخەی تێیدان بمێننەوە.

میشێل باشێلێ، کۆمسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "من زۆر دڵگرانم بە بینینی ژمارەیەکی گەورەی کۆچبەر و پەنابەران، کە هێشتا لە دۆخێکی بێهیواکەردا لە پلەی گەرمیی زۆر سارددا لە سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا هێڵراونەتەوە. داوا لە وڵاتە پەیوەندیدارەکان دەکەم هەنگاوی خێرا بنێن بۆ ئەوەی دۆخەکە ئارامبکەنەوە و ئەم دۆخە قبووڵنەکراوە بەپێی یاسای مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و یاسای پەنابەرێتیی چارەسەر بکەن."

رۆژی چوارشەممە پۆڵەندا رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی هەوڵدەدەن لە سنوورەکەیانەوە بپەڕنەوە زیادیکردووە و تائێستا سەدان کۆچبەریان ناچارکردووە بگەڕێنەوە بێلاڕووس. 

رۆژی سێشەممەش، وارشۆ، مینسک و مۆسکۆی تۆمەتبارکردن بەوەی کە هەوڵدەدەن قەیرانێک لەسەر سنوورەکانی ئەوروپا دروست بکەن.

کۆچبەران، کە زۆربەیان بەگوێرەی پاسەوانی سنووری بێلاڕووس کوردن، لە پلەی گەرمیی نزیک لە سفری سیلیزی لەسەر سنوور تووشی رەوشێکی ناهەموار بوونەتەوە، لە کاتێکدا کە لەو بەری تەلبەندەکەوە 12 هەزار پاسەوانی سنووری پۆڵەندا رێگە لە پەڕێنەوەیان دەگرن. 

یەکێتیی ئەوروپا و هاوپەیمانەکانی، حکومەتی لۆکاشینکۆ تۆمەتباردەکەن بەوەی کە هانی کۆچبەرانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی داوە بۆ ئەوەی بچنە وڵاتەکەی و لەوێوە بە نایاسایی بپەڕنەوە بۆ نێو سنووری وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا. 

سەرکردە ئەوروپیەکان دەڵێن ئەو کارەی لۆکاشینکۆ دەیکات جۆرێکە لە تۆڵەسەندنەوە لە بەرامبەر ئەو سزایانەی کە یەکێتیی ئەوروپا بەسەریدا سەپاندوونی لە بەرامبەر دەستگیرکردن و چەوساندنەوەی ئۆپۆزیسیۆن و خۆپیشاندەرانی دژی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئابی ساڵی 2020. 

باشێلێ دەڵێت، ئەو کاردانەوە بەهێزی پۆڵەندا و بێلاڕووس لە دژی کۆچبەران و تێکەڵکردنی بە سیاسەت و تووندکردنی ئاسایش بەڕوویاندا، بە تایبەتیش لە رێگەی جێگیرکردنی هێزی سەربازی، دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسی لەسەر کۆچبەران و پەنابەران.

ئەو ژنە بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لەو دوو وڵاتە کرد کە "گرنگی هەرە زۆر" بە مافەکانی مرۆڤ بدەن.  گوتیشی، "پێویستە دەستبەجێ رێگە بە لایەنە مرۆییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی، رۆژنامەڤانان و پارێزەرانی یاساییش بدرێت بگەنە ئەو شوێنە."

میشێل باشێلێ جەختی لەوە کردەوە کە بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی، نابێت رێگە لە هیچ کەسێک بگیرێت کە داوای مافی پەنابەرێتیی بکات.  گوتیشی "ژمارەیەک کەس گیانیان لەدەستداوە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا. نابێت حکومەتەکانی ناوچەکە دەستەوسان بوەستن و رێگە بە لەدەستدانی ژیانی زیاتر بدەن. ئەرکی وڵاتانە مافی ژیان بپارێزن. ئەم سەدان پیاو، ژن و منداڵە نابێت ناچاربکرێن شەوێکی دیکە لە کەشوهەوای بەستێنەردا بە بێ پەناگە، خۆراک ئاو و چاودێریی تەندروستی بمێننەوە."

زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©