جووتیارێک رۆژانە تۆنێک خەیار لە ئاکرێوە دەهێنێتە عەلوەی هەولێر، پێش بڕیاری هەڵگرتنی باج رۆژانە یەک کیلۆگرام خەیاری بە 900 دینار دەفرۆشت بەڵام دەڵێت، لە دوای بڕیاری هەڵگرتنی باج لەسەر بەرهەمی سەوزە و میوەی هاوردەکراو نرخی یەک کیلۆگرام خەیاری نێوخۆی بۆ نزیکەی 450 دینار دابەزیوە.

حاتەم محەممەد، جووتیار  رایگەیاند، "ئێستا بەهۆی هاوردەکردنی خەیار و تەماتە نرخی خەیار دابەزیوە، پێشتر کیلۆی خەیاری نێوخۆیی لە عەلوە بە 900 دینار دەفرۆشرا، بەڵام ئێستا بووەتە 400 بۆ 450 دینار ئەوەش زەرەر بۆ ئێمە."

نزیکەی هەفتەیەکە وەزارەتی کشتوکاڵ باجی لەسەر هەشت جۆر بەرهەمی سەوزە و میوە هەڵگرتووە، هەڵگرتنی باج وایکردووە گۆڕانکاری بەسەر نرخدا بێت.

سەباح، خاوەن نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی سەوزە و میوە بە دەڵێت ، نرخەکان گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە تەماتە لە 1000 دینارە دەستپێدەکات تاوەکو 700 دینار خەیاری باشی نێوخۆی پێشتر بە 900 دینار بوو ئێستا بووەتە 450 دینار خەیاری هاوردەکراوی ئێرانیش ئەمڕۆ بە 350 دینار بووە.

ساڵانە وەزارەتی کشتوکاڵ لەگەڵ کەمبوونەوەی بەرهەمی نێوخۆی سەوزەومیوە، باج لەسەر بەرهەمی هاردەکراو هەڵدەگرێت، بەمەش دەیەوێت رێگە لە بازاڕ رێگە لە بەرزبوونەوەی نرخ بگرێت.

حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ  رایگەیاند "هەموو ئەو سەوزە و میوانە کە لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان کەم دەبن یان نامێنن ئێمە وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخ باج لەسەر بەرهەمە هاوردەکراوەکانی سەوزە و میوە هەڵدەگرین چۆن لە خەمی جووتیارانین ئاواش لە خەمی بەکاربەرانداین."

بڕیارە تاوەکو کۆتای مانگی 12ی ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵ باج لەسەر هەموو ئەو بەرهەمەکانی سەوزە و میوە هەڵبگرێت کە لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان نەماوە بڕیارەکەش تاوەکو دووبارە پێگەیشتنەوەی بەرهەمی نێوخۆت کاری پێدەکرێت.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©