“عه‌شیقی وه‌رگێڕ”

ڕۆمانێکیتری (جان دۆست)ڕۆمان نووس و شاعیری کوردە، "عه‌شیقی وه‌رگێڕ" کۆمەڵێک بابەتی وەکو عەشق ، گەشت و نوسین و ئازارو غەریبی ..تاد. لەخۆدەگرێت و نووسەر تێیدا باس لە پرسی فرەیی ئایینی و ئاشتی و پێکەوەژیانی ئایینی دەکات و لەململانێی نێوان مەزهەب و گرووپەکان و کێشەی توندڕۆیی ئایینی دەدەوێت، ، "عه‌شیقی وه‌رگێڕ" پێمان دەڵێت ئایە خوداوەند پێویستی بە سوپاو جەنگ و خوێن ڕشتنی مرۆڤەکان هەیە،پێویستی بەحیزب و مەزهەب و گرووپ و شەڕی نێوان ئایینەکان هەیە، هەر بەڕاستی خوداوەند داوای کردووە خەڵکی بتۆقێنن و سەرببڕن، ژن بەردباران بکەن و مرۆڤ تیرۆرکەن، ئەرێ بەڕاست خوداوەند لەجیاتی ئەوەی داوای زمانی دیالۆک بکات و لەڕێگەی لۆژیکەوە خۆی بسەلمێنێت، پەنا بۆ زمانی هەڕەشەو چاوسوکردنەوە دەبات و بەسوتان و لەشیشدان و دۆزەخ دەمان ترسێنێت، بەڕاست خوداوەند فەرمانی کردووە بەناوی ئەوەوە دەستمان بەخوێنێ مرۆڤەکان سورکەین و لاپەڕەکانی ژیان بە ڕق و جۆرەها تاوان ڕەشکەین؟ سەیرە لەخۆتەوە خۆت بکەیت بەنوێنەری ئاسمان و سێبەری خوداوەندو دەست دەیتە شمشێرو مرۆڤایەتی لەخوێندا بگەوزێنیت و ژیان وێران کەیت، ئەرێ بۆچ لەجیاتی ئەوەی بڵێین خوداوەند خۆشەویستی و میهرەبانیەو خەڵکی فێری عیشقی ئەو بکەین، ئەو دەکەین بە زاتێکی دڵ ڕەق و لەوێنەی پاشایەکی دیکتاتۆری سەدەکانی ناوڕاست بەرجەستەی دەکەین و وەکو جەلادێکی بێ تەفاهوم و دێوەزمەیەکی نالێبوردەو دیکتاتۆرێکی تۆقێنەر پیشانی دەدەین!؟

 

"عه‌شیقی وه‌رگێڕ" پێمان دەڵێت خوداوەند دژی جوانیەکان نییە، ڕقی لەپێکەوەژیان نابێتەوەو جیاوازیەکان ناسڕێتەوە، ئەو ئێمەی بەجیاواز دروست کردووەو نایەوێت ئەو جیاوازیەش بسڕینەوە، ئەو ڕێز لەجیاوازیەکان دەگرێت، خوداوەند نایەوێت هیچ نەتەوەیەک زمان و کلتورو فەرهەنگ و بوون و مێژووی هیچ نەتەوەیەکیتر بەپاساوی ئایین و لەژێرپەردەی ئاییندا لەناو خۆیدا بتوێنێتەوەو بسڕێتەوە، خوداوەند پێویستی بەوەنییە لەپێناویداخەڵکی بکرێت بەکەنیزەو کۆیلەو خوێنی مرۆڤەکانی لەپێناودا بڕژێندرێت و سەری مرۆڤەکانی بۆپەڵبدرێت! خوداوەند نایەوێت بەناوی ئەو لەپێناو ئەودا، سنوری ئازادی مرۆڤەکان بەرتەسک بکرێتەوەو ژیانی مرۆڤەکان لەقاڵب بدرێت و ئازادی وخواست و حەزو سەربەستی مرۆڤەکان بە سانسۆر بکرێت، خوداوەند پێویستی بەدەوڵەتی دینی و حوکومەتی دینی و حیزبی دینی نییە،خودا پێویستی به مەکتەب سیاسی و پەڕلەمانتارو سیاسەمەدارو سەربڕو چەقۆوەشێن نییە، خوداوەند پێویستی بە خنکاندنی ئازادییەکان و بەردبارانکردنی جیاوازیەکان نییە،ئەو پێویستی بەخۆشەویستی و لێبوردەیی نێوانی مرۆڤەکانە لەگەڵ یەکتری، خوداوەند مافەکانی ژن بەبەڕەڵایی و یەکسانی جێندەری بەبێ ئایینی وەسفناکات،خوداوەند دژی تولەرەنس و پلورالیەت نییە، خوداوەند لایەنگری هیچ گرووپێک و ئایینێک، هیچ مەزهەب و چینێک لەدژی ئایین و مەزهەب و گرووپ و چینیتر نییە، ئەو بەتەنهامۆنۆپۆڵ و مولکی ئایینێک و ئایینزایەک نییە، ئەو لەدەرەوەی کلێسا، ئاتەشگا، مزگەوت ،مەعبەد و پەرستگاکانە، لەناو تێسکتەکان و فەتواکان بەدوای خوداوەندا نەگەڕێن، ئەو لێرەیە، نزیکتر لەدەمارەکانی مڵت، ئەو لەناو دڵەکاندایە، خوداوەند لەماڵه هەژارەکانە، لەگەڵ بێ دەسەڵات و لێ قەوماوانە، ئەو لەسەر گۆڕی ژنێکە کە بە ناوی بێ ئابڕۆیی و پاککردنەوەی شەڕەفی پیاوەوە کوژراوە.

"عه‌شیقی وه‌رگێڕ" پێمان دەڵێت چۆن لەدڵی عاشقدا خۆشەویستی و دڵ ڕەقی بەیەکەوە کۆنابنەوە، هەمان شێوە، ئیمان و ڕقیش پێکەوە لەدڵێکدا کۆنابنەوە، بۆیە مرۆڤی بڕوادار نابێت هەر ڕق لەدڵ و ڕاسیزم بێت، نابێت بەکەم سەیری مرۆڤەکان بکات، دەبێت خۆشەویستی بکات بەتەریقەت و لێبوردەیی عەقیدە، "عه‌شیقی وه‌رگێڕ" پێمان دەڵێت ئەوکاتە ئاشتی لەنێوان پێڕەوانی ئایینەکاندا بەرپادەبێت، کاتێک قەشه، مەلا، حاخام، ڕاهیب و کاهین و ئاسرەوانەکان ، شێخ و پیاوانی ئایینی چیتر واز لەوە بێنن خۆیان لەخەڵکی بکەن بە نوێنەرو گوتەبێژی ئاسمان، "عه‌شیقی وه‌رگێڕ" پێمان دەڵێت دەبێت لەپێناو تەبایی و مرۆڤ بوون، لەپێناو ژیان و شارستانیەت، لەپێناو ئارامی و مەدەنیەت، توندڕۆیی ئایینی ڕەتکەینەوەو پێڕەوی لە فەلسەفەی یەکترقبوڵکردن بکەین، پلورالیەت بکەین بە پرەنسیپ و خۆشەویستی ڕێبازو مرۆڤایەتی ئایین و ناسنامەمان بێت، مرۆڤەکانمانان بەهەموو جیاوازیەکانەوە خۆش بوێت،ڕێزی بۆچونی بەرامبەربگرین، ڕەخنەقبوڵکەین، هیچ کەسێک لەبەر ئەوەی ئایین و بیروباوەڕی جیاوازە بەکەم سەیرنەکەین، کەم ئەوانەن بەکەم و پیس و گڵاو سەیری مرۆڤ دەکەن و بەڕەوای نازانن نانی مرۆڤگەلێک بخۆن، تەنهابەهۆی ئەوەی عەقیدەو ڕوگەیان جیاوازە. ئایین و بیروباوەڕیان جیاوازە، ئەوەیەکارەساتەکە!

 

 عه‌شیقی وه‌رگێڕ"

پێمان دەڵێ مرۆڤەکان بەجیاوازییەوە جوانن، جیاوازی سونەتی گەردوون و ماکی مرۆڤایەتی و سروشتی ژیانە، جیاوازی نەبێت ژیان دەوەستێت و گەردوون بۆگەن دەکات و مرۆڤایەتی دەخنکێت و سیستەمی ژیان دەڕمێت، عه‌شیقی وه‌رگێڕ" پێمان دەڵێت بائیتر چرای عیشق هەڵکەین و ئاگری ڕق خامۆشکەین ،لەجیاتی زمانی توندوتیژی،دیالۆک بکەین بە ئیدۆمی نێوانمان و بەوشە وڵامی وشەو بە فیکر وڵامی فیکربدەینەوە، نەوەک بە گولە،با ئیدی چەکەکان بێدەنگ کەین و ناوی هەموو جەنگەکان لەلاپەڕەی دەفتەری مێژووی مرۆڤایەتیدا بسڕینەوەو مێشکمان لەبیری دەمارگیری و نەژادپەرستی فۆرماتکەین و دڵ و دەرونمان بەئاوی خۆشەویستی پاککەینەوە، دەی باچیتر لەپێناو مرۆڤ بوونمان خاڵەهاوشەکانی نێوانمان بدۆزینەوە، لەجیاوازیەکانیش یەکتری قبوڵکەین، چیتر مرۆڤ بوون بکەین بە پێوەرو کابەو سەنتەر. 

ماوەتەوە بڵێم "عه‌شیقی وه‌رگێڕ" بەرگی یەکەم و بەرگی دووه‌م و ته‌واوكه‌ری ئەم ڕۆمانەیش نووسەر بەناو ڕۆمانی“ زەنگەکانی ڕۆما” دواتر بڵاوی کردوەوە. لەهەردوکیاندا(محەمەدی کوڕی ڕۆشدی چەرکەسی ئەنتاکی) پاڵەوانی هەردووک ڕۆمانەکە،بەسەرهات و چیرۆکەکانی ژیانی خۆی لەماوەی چەندین شەو لەشێوەی چیرۆکەکانی هەزارو یەک شەوە، بۆ(یونس ئیبش-ئەرنائۆتی ئەلبانی) خۆشنوس تێدا دەگێڕێتەوە، ئەمیش بۆی دەنووسێتەوەو یاداشت دەکات، هەموو ئەو ڕووداو چیرۆکانەی لەگەشتەکەی بۆ ڕۆما تۆماریکردووە لەماوەی پەنجاو چوار ساڵ لەژیانی لەو شوێنەدا، چیرۆکی سواربوونی کەشتی سەفەر و مانەوەی چەندین ڕۆژ لەنێو دەریا، کەوتنەداوی عیشقی کچێکی گاور (ئابیلینا)لەڕۆماو بەگاوربوونی و وازهێنانی لەئیسلام و پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەکەی، حەکایەتی خوێندنی لەقوتابخانەی مارۆنی، پاشان بوونی بە مامۆستای زمانی عەرەبی لە پەیمانگای ڕاهیبەیەسوعیەکان،ئینجا کارکردنی وەکو بازرگانێکی گەڕوکی مەیفرۆشتن، پاشان کارکردنی وەکو وەرگێڕێک لەسلکی وەرگێڕاندا لەپاشماوەکانی تەمەنیدا،ئینجا پیربوونی و بڕیاری گەڕانەوەی بۆ وڵات و گەڕان بەدوای (ئیستەر)کچە جوە خۆشەویستەکەی سەردەمی هەرزەکاری..تاد.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©