سەرۆكی ئەنجوومەنی یەكێتیی ئەورووپا، چارلێس میشێل بیلارووسیای تۆمەتبار كرد بەوەی كۆچبەران وەك ئامراز بەكاردەهێنێت بۆ ئامانجە سیاسییەكان، ئاماژەی بەوەیش كرد كە یەكێتیی ئەورووپا ئەوە قبوڵ ناكات.


چارلێس میشێل دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بوونی كۆچبەرێكی زۆر لە سنووری پۆڵەندا-بێلارووسیا و هەوڵدان بۆ بەزاندنی سنووری پۆڵەندا لەلایەن ئەو كۆچبەرانەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە.


سەرۆكی ئەنجوومەنی یەكێتیی ئەورووپا، چارلێس میشێل رایگەیاند “داوا لە بەرپرسانی بێلارووسیا دەكەم پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەكان بن. یەكێتیی ئەورووپا هەوڵەكانی بەكارهێنانی كۆچبەران وەك ئامرازی سیاسیی قبوڵ ناكات. یەكێتیی ئەورووپا لە نزیكەوە چاودێری رەوشی سەر سنوور دەكات”.


كۆمسیاری یەكێتیی ئەورووپا بۆ كاروباری ناوخۆ، یلوا جۆهانسۆن باسی لەوە كرد كە حكوومەتی بێلارووسیا هاووڵاتیانی خستووەتە مەترسییەوە.


یلوا جۆهانسۆن لە پەیامێكیدا ئاماژەی بەوە كرد كە سەركۆماری بێلارووسیا، ئەلێكساندەر لوكاشینكۆ خەڵكی فریوداوە و لە فڕۆكەخانەی مینسك-ەوە رەوانەی سنووری بێلارووسیا-پۆڵەندای كردوون.


ماوەی چەند مانگێكە كۆچی نایاسایی لە بێلارووسیاوە بۆ وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا وەك پۆڵەندا، لیتوانیا و لاتڤیا بەردەوامە و گەورەترین لێشاوی ئەو كۆچەش لە شاری گرۆدنۆ كە هاوسنوورە لەگەڵ پۆڵەندا رووی دا.


سەرچاوە/AA

زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©