لە شاری رۆتردام لە باشووری هۆڵەندا، بەرپرسانی شارەکە ساڵانێکە خەریکی دروستکردنی بەربەستن بۆ رێگریکردن لە شەپۆلەکانی دەریا.

لەگەڵ هەر بارانێکی بەخوڕ، دەبێت خەڵکی شارەکە بە سەتڵ و وۆتەرپەمپ ئاو لە ماڵەکانیان بکەنە دەرە، خەڵک گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ئیدی کار لەکار ترازاوە و دەبێت خۆیان لەگەڵ ئەنجامەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا بگونجێنن.

جۆهان ڤێرلیند، بەڕێوەبەری پرۆگرام لە پلانی خۆگونجاندنی کەشوهەوای رۆتردام دەڵێت "بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەربەستمان دروستکرد، بەڵام بە چاوی خۆمان دەبینین کە لەم چەند ساڵەی رابردوودا بارانبارین بووەتە کێشە و رۆتردامیش وەک حەوزی لێهاتووە. 85٪ی شارەکەمان نزمترە لە ئاستی رووی دەریا. هەر دڵۆپە ئاوێک کە بەسەر شارەکەمان بەردەبێتەوە، دەبێت لایبەرین. هەربۆیە دەبێت زۆر ژیر بین بۆ ئەوەی قاچمان بە وشکی بمێننەوە. "

خۆگونجاندن لەگەڵ دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا بابەتی گەرمی ئەمڕۆی لووتکەی COP26ی گلاسکۆیە، بەڵام خۆگونجاندن بەمانای ئەوە نایەت حکومەتی وڵاتان چاوەڕێی دروستبوونی لافاو و زریان و کەوتنەوەی ئاگر بن لە وڵاتەکانیاندا و هیچ کارێک نەکەن.

سەرکردە و پسپۆڕ و چالاکڤانان لە لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا داوادەکەن پاڵپشتی دارایی پێویست بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو کۆبکرێتەوە بۆئەوەی بەنداو، بەربەستی کاریگەر و و سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و پلانی تۆکمە بۆ رێگریکردن لە کارەساتە سرووشتییەکان ئامادەبکەن.

ئاندریج پلینکۆڤیچ، سەرۆکوەزیرانی کرواتیا رایدەگەیێنێت "دەبێت هەموومان بەشی خۆمان لەو بەرپرسیارییەتییە لەئەستۆبگرین. شەڕی گۆڕانی کەشوهەوا پێویستی بە خۆگونجاندنێکی سەخت و هەوڵی گەورەی ئابووری و کاری کۆمەڵگەکانی جیهان هەیە. زیانی دەستەوەستان زۆر گەورە دەبێت. دەبێ ئارەزوومەندانە هەنگاو بنێین، ئەگەرنا ناچاردەبیی هەنگاوبنێین. هەر دواکەوتنێک پرۆسەیەکی ئازاربەخشی بێکۆتا دەخوڵقێنێت." 

بەگوێرەی ئاماری گرووپی بانکی گەشەپێدانی ئەفریقی، ئەفریقا ساڵانە 15 ملیار دۆلار بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا لەدەستدەدات، تاوەکو ساڵی 2040 چاوەڕواندەکرێت بگاتە 50 ملیار دۆلار. 

ئەو کیشوەرە پێویستی بە 336 ملیار دۆلارە بۆ هەبوونی ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. 

وڵاتانی دیکەی جیهانیش خەریکی ئامادەکردنی پلانی خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی دیاردەکە. 
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©