هەندێک لە سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، باس لەوە دەکەن کە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە و کارگێڕیی یانەی شاهانە پلانێکی گەورە و گرنگیان بۆ مێرکاتۆی هاوینەی داهاتوو داناوە.

ئەو سەرچاوانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە پێرێز دەیەوێت لە هاوینی داهاتوودا هەموو جیهان سەرسام بکات و 3 لە باشترین ئەستێرەکانی تۆپی پێی جیهان بباتە ریزەکانی ریال مەدرید.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، ریال مەدرید لە مێرکاتۆی هاوینی داهاتوودا، هەرسێ ئەستێرە، کیلیان ئێمباپێ، ئێرلینگ هالاند و پۆل پۆگبا دەباتەوە ریزەکانی و دەشڵێن "بۆ گواستنەوەی ئەو سێ ئەستێرەیە هیچ بەربەستێک لە رێگەی ریال مەدریددا نییە، بەو پێیەی خودی هەرسێ یاریزانەکە رازین بچنە یانەی شاهانە".

لەوەش گرنگتر، ئەوەی وادەکات پلانەکەی فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرکەوتن بەدەستبێنێت ئەوەیە کە ئێمباپێ و پۆگبا ماوەی گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەکەیان لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتاییدێت و دەتوانن بەبێ بەرامبەر بچنە ریال مەدرید، سەبارەت بە ئێرلینگ هالاندیش، یانەی شاهانە دەتوانێت بە 75 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستەکەی لەگەڵ بۆرووسیا دۆرتموند هەڵبوەشێنێتەوە.

لە هاوینی رابردوودا، ئێمباپێ بەئاشکرا داوای لە بەرپرسانی پاریس سانجێرمان کرد کە رێگەی پێبدەن بڕواتە ریال مەدرید و بەرپرسانی ئەو یانەیەش بەفەرمی لەسەر ئەو پرسە دانوستاندنیان لەگەڵ یانەی پاریسی کرد، بەڵام دەرئەنجام یاریزانەکە لە یانەی خۆی مایەوە، بەڵام لە کۆتایی ئەم وەرزەدا ماوەی گرێبەستی کیلیان لەگەڵ پی ئێس جی کۆتاییدێت و یاریزانەکە دەتوانێت بەبێ بەرامبەر بچێتە ریال مەدرید.

ئێرلینگ هالاندیش گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی بۆرووسیا تاوەکو ساڵی 2024 بەردەوامدەبێت، بەڵام لە بەندێکی گرێبەستی یاریزانەکەدا هاتووە کە رێگە بەو یاریزانە دەدرێت بە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی کە 75 ملیۆن یۆرۆیە لە یانەکە بڕوات، زۆر لە سەرچاوەکانیش ئاماژە بۆ ئوە دەکەن کە ئەو یاریزانە لاوە نەرویجییە، لەپێناو ریال مەدریددا داواکاریی چەندین یانەی گەورەی ئەوروپای رەتکردووەتەوە، وەک چێڵسی، مانچێستەر سیتی، بایرن میونشن و پاریس سانجێرمان.

پۆل پۆگباش چەندینجار نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد رەتکردووەتەوە، کە هەندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن "پۆگبا و پێرێز لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە گرێبەستەکەی لەگەڵ مان یونایتد نوێ نەکاتەوە و لە ریال مەدرید مووچەیەکی زیاتری پێبدرێت".

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©