رەنگە گەیشتن بە ئیسپانیا یان هەر وڵاتێکی ئەوروپی بۆ زۆربەی دانیشتووانی وڵاتێکی وەکو مەغریب خەونێکی لەمێژینەبێت، بۆیە کاتێک فڕۆکەیەک کە لە مەغریبەوە بەرەو تورکیا بەڕێکەوتووە، بەڵام بەهۆی دۆخێکی لەناکاوەوە لە فڕۆکەخانەیەکی ئیسپانیا دەنیشێتەوە، 21 سەرنشین لە فڕۆکەکە هەڵدێن. 

فڕۆکەخانەی پالما دی مالۆرکا یەکێکە لە قەرەباڵخترین فڕۆکەخانەکانی ئیسپانیا، بەهۆی ئەو رووداوەوە نزیکەی چوار کاژێر بەتەواوی داخرا. 

فڕۆکەکە لە شاری کاسالبانکای مەغریبەوە بەرەو ئیستەنبووڵ بەڕێکەوتبوو، بەڵام کاتێک سەرنشینێک گوتوویەتی کە دۆخێکی لەناکاوی تەندروستی بۆ سەرنشینێک هاتووەتەپێش، ئاراستەی فڕۆکەکە بەرەو فڕۆکەخانەی پالما دی مالۆرکا گۆڕا و لەوێ نیشتەوە. لەو کاتەدا 21 سەرنشینەکە لە فڕۆکەکە رایانکردە خوارەوە و بەپێی راپۆرتەکان، سنووری فڕۆکەخانەکەیان بڕیوە. 

دوای هەڵاتنیان، پۆلیس توانیویەتی 12 کەس لەو سەرنشینانە دەستگیربکات، بەڵام ئەوانی دیکە هێشتا دەستگیرنەکراون و گەڕان بەشوێنیاندا بەردەوامە. 

پۆلیسی ئیسپانیا دەستی بە لێکۆڵینەوە لە دۆخەکە کردووە بۆ ئەوەی بزانێت کە ئایا ئەوە رووداوێکی هەرلەخۆوە بووە یان پلانی پێشوەختەی بۆ دانراوە و ئەو کەسانە کۆچبەر بوونە و ویستوویانە بە نایاسایی بچنە نێو وڵاتەکە. 

بەرپرسانی باڵای ئیسپانیا ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو 12 کەسەی دەستگیرکراون نۆ کەسیان لەوانەبوون کە بە نایاسایی فڕۆکەکەیان جێهێشتووە، ئەو کەسەی کە دەگوترێت نەخۆش بووە لەگەڵ هاوەڵێکی و کەسێکی دیکەش کە لەگەڵ بەرپرسێکی نێو فڕۆکەکە شەڕی کردووە دەستگیرکراوەکانی دیکەن.

دوای ئەوەی ئەو کەسەی کە ببووە هۆی گۆڕینی ئاراستەی فڕۆکەکە لە نەخۆشخانە پشکنینی بۆ کراوە و دەرکەوتووە کە تەندروستیی باشە، دەستگیرکراوە،  فڕۆکەکەش بە ئەو ژمارە سەرنشینەی کە مابوونەوە، بەردەوام بووە لە گەشتەکەی بەرەو ئیستەنبووڵ. 

زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©