وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پەسەندکردنی گرێبەستێکی 650 ملیۆن دۆلاری بۆ فرۆشتنی موشەکی ئاسمان بۆ ئاسمانی بە سعودیە ڕاگەیاند، ئەمەش لەپێناو یارمەتیدانی سعودیەدا لە بەرگریکردن لە خۆی دژی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی ئەم پەسەندکردنە ڕێگە لەبەردەم سعودیەدا خۆش دەکات تاوەکو نزیکەی 280 موشەکی مەودا ناوەندی جۆری AIM-120C بکڕێت.


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی سعودیەکان پێشتر توانیویانە ئەو موشەکانە بۆ بەرپەرچدانەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەکاربهێنن کە هەڕەشە بوون بۆ سەر هێزەکانی سعودیە و ئەمەریکا لەناو سعودیەدا، زۆرینەی ئەو هەڕەشانە لە یەمەنەوە بوون.

 


وتەبێژەکە وتی " لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا هێرشەکانی سەر سعودیە لەودیوی سنوورەوە زیادییانکردووە."
سعودیە ڕابەرایەتی هاوپەیمانێتیەک دەکات لە شەڕی یەمەندا دژی حوسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت، بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ئێرانیەکان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەکنەلۆجیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان داوە بە یەمەنییەکان.


ئەم گرێبەستە لەکاتێکدایە بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پشتیوانیکردنی سعودیەدا دەکات، ئەمەش بەهۆی نیگەرانیەکانی ئەمەریکاوە سەبارەت بە تاکتیکە توندەکەی سعودیە بەرامبەر حوسییەکان و هەروەها پێشێلکارییەکانی لە مافەکانی مرۆڤدا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە موشەکەکان بۆ ئامانجەکانی سەر زەوی بەکارنایەن.


وتی " فرۆشتنی موشەکەکان بەتەواوەتی لەگەڵ داواکانی بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدندا یەکدەگرێتەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی بۆ شەڕی یەمەن، هاوکات دڵنیا دەبێتەوە لەوەی سعودیە سەرجەم ئەو ئامڕازانەی هەیە کە بتوانێت لەڕێیانەوە بەرگری لەخۆی بکات دژی هێرشی حوسییەکانی سەر بە ئێران."


سەرچاوە/ فرانس پرێس

زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©