پسپۆڕێکی کەشناسی: تاوەکو 2050 لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا پلەی گەرما دەگاتە 56

رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لەو ناوچانەن کە لە ژێر هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوادان. بەشێک لە پسپۆڕانی بواری کەشوهەوا باس لەوە دەکەن، تاوەکو نێوەڕاستی ئەم سەدەیە، پلەی گەرمی لەو دوو ناوچەیە دەگاتە 56 پلەی سیلیزی و مرۆڤ ناتوانێت لە دەرەوەی ماڵەوە بژیت و تەنانەت کاریگەری دەکاتە سەر ئاژەڵەکانیش.

جۆرج زیتیس، لێکۆڵەرە لە پەیمانگەی قوبرس و دەڵێت، "تەنانەت ئەو ئاژەڵانەی کە بەرگەی گەرماش دەگرن، بۆ نموونە هەندێ لە حوشتر و بزنەکانیش کاریگەرییان لەسەر دەبێت. بۆیە ئەو گەرما لەڕادەبەدەرە کاریگەری دەخاتە سەر بەرهەمهێنانی خۆراکیش. هەروەها کاریگەری دەخاتە سەر کشتوکاڵیش."

مەترسییەکی دیکەی سەر وڵاتانی ناوچەکە، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریایە. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی رێکخراوی کڵایمت سێنتراڵی ئەمریکی، تاوەکو ساڵی 2050 بەسرە لە عێراق و ئەسکەندەریە لە میسر ژێر ئاو دەکەون. 

سەرۆکی میسر لە کۆنفرانسی گلاسگۆدا داوای لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان کرد هاوکاریی وڵاتە هەژارەکان بکەن بۆ ئەوەی خۆیان لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا رزگاربکەن. 

عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر رایگەیاند، "دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە جێبەجێکردنی پەیمانەکانی وڵاتە تازەگەشەسەندووەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بەندە لەسەر ئەو پاڵپشتییەی کە پێیان دەدرێت. بە تایبەتیش لە بواری دارایی کە بە بناخە و بنەمای سەرەکیی توانای وڵاتەکانمان دادەنرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئامانجەکانمان."

لە پاڵ هۆکارە ئەمنی و سیاسییەکان، گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی کە بووەتەهۆی زیادبوونی ئاوارەبوونی خەڵک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا. لە ماوەی رابردوودا، ژمارەیەک رێکخراوی مرۆیی هۆشدارییاندا کە وشکەساڵی لە عێراق و سووریا دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی 12 ملیۆن کەس.

زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©