سەرکردەکانی 20 وڵاتە هەرە دەوڵەمەندەکەی جیهان بێ بەشداری رووسیا و چین کە بە گرووپی بیست دەناسرێن، ئەمڕۆ لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بۆ یەکەمجار دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، کۆبوونەوەیەکی رووبەڕوو ئەنجام دەدەن و گفتوگۆ لەبارەی دابینکردنی ڤاکسین بۆ وڵاتە هەژارەکان، هەستانەوەی ئابووری لە دوای کۆرۆنا و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن. 

نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان لێدەکات پابەندبوونی خۆیان بە کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان بۆ ئاستی سفر تا ساڵی 2050 دووپاتبکەنەوە و لە دابەشکردنی ڤاکسین بە یەکسانی بەسەر وڵاتە هەژارەکانیشدا هاوکار بن. 

چالاکڤانانی ژینگەش داوا دەکەن، ئەو 20 وڵاتە بەڵێنی خۆیان بۆ دابینکردنی 100 ملیار دۆلاری ساڵانە بۆ هاوکاریکردنی وڵاتە هەژارەکان لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا لەبیر نەکەن.

لە نزیک هۆڵی کۆبوونەوەکە، بەشێک لە خەڵكی رۆما خۆپێشاندانێکیان ئەنجامدا، یەکێک لە خۆپێشاندەرەکان بە ناوی ئۆسکار سۆریا دەڵێت، "ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە بە تایبەتی پێنج وڵاتەکە، واتە ئەمریکا، بەریتانیا، ئوسترالیا، کەنەدا و ئیتاڵیا بەڵێنەکانیان جێبەجێبکەن. ئەوان بەڵێنیان داوە کە بەشی دادپەروەرانەی خۆیان ببەخشن بۆ ئەوەی ساڵانە 100 ملیار دۆلار بۆ هاوکاریکردنی وڵاتە هەژارەکان دابینبکرێت تاوەکو رووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا ببنەوە. بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوە رووی نەداوە."

نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوا لەو 20 وڵاتە دەکات ئەم کۆبوونەوەیان بکەنە دەرفەت بۆ ئەوەی پێش لووتکەی ساڵانەی کەشوهەوا کە 31ی ئەم مانگە لە سکۆتلەندا دەستپێدەکات، لەسەر ئەوە رێکبکەون کە ئاستی دەردانی گازە گەرمکەرەکان تا 2050 بۆ سفر دابەزێنن. 

ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "خەریکە متمانە لاوازدەکرێت بەهۆی نەبوونی ئامادەیی بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان و خۆگونجاندن و تەرخانکردنی یارمەتیی دارایی. پێویستمان بە ئامادەیی و ئارەزوویەکی زیاترە بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان تا بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە 1.5 پلەی سیلیزیدا رابگرین، ئامانجێک کە زانست پێماندەڵێت، تاکە بژاردەیە بۆ داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ جیهانەکەمان."

داوایەکی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو 20 وڵاتە ئەوەیە، هاوکاربن بۆ ئەوەی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ 40٪ی دانیشتووانی جیهان و تا نێوەڕاستی 2022یش 70٪یان ڤاکسینی دژی کۆرۆنا وەربگرن.

ئەنتۆنیۆ گوتێرێز لەو بارەوە دەڵێت، "داوا لە وڵاتانی گرووپی بیست دەکەم کە بە تەواوی پشتگیری لەم ستراتیژە بکەن و کارەکانیان لە پێناو سەرکەوتن رێکبخەن. ئەوە تاکە رێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بە پەتاکە بۆ هەموو کەسێک و لە هەموو شوێنێک."

سندووقی نێودەوڵەتیی دراویش ئاماژە بەوە دەکات کە هێشتا کورتهێنان لە دابینکردنی پارە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە هەیە. کریستالینا جۆرجیێڤا، بەڕێوەبەری کارگێڕیی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو دەڵێت، "ئێمە بڕوامان وایە کە هێشتا 20 ملیار دۆلارمان کەمە بۆ بەهێزکردنی هەڵمەتی کوتان تاوەکو بە ئامانجی کوتانی لانیکەم 40٪ی خەڵک لە هەموو وڵاتان تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بگەین و 70٪شیان تا نێوەڕاستی ساڵی داهاتوو بکوتین."

بەشێک لەو ئاستەنگە ئابوورییانەشی کە لەبەردەم سەرکردەکانی وڵاتانی گرووپی بیستدایە بریتین لە زەحمەتی لە هەستانەوەی ئابووری لە دوای کۆرۆنا، بەرزبوونەوەی نرخی وزە، رێکخستنەوەی باجە نێودەوڵەتییەکان و ئاساییکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە کاتێکدا کە دیارنییە کۆرۆنا لەم زستانەدا ئاراستەکەی بەرەو کوێ دەبێت. 
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©