هۆشداریییەک لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە: ئەم سەدەیە پلەی گەرمی گۆی زەوی دەگاتە 2.7 پلەی سیلیزی

نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر بەو شێوە و قەبارەیەی ئێستا کار لەسەر کەمکردنەوەی دەردانی گازە زیانبەخشەکان بکەین، ئەوا پلەی گەرمی گۆی زەوی لەم هەسارەیەدا دەگاتە 2.7 پلەی سیلیزی. 

بەگوێرەی زاناکانی گۆڕانی کەشوهەوا ئەمە پلەیەکی مەترسیدارە بۆ تواندنەوەی بەستەڵەکەکان و دروستکردنی چەندین کارەساتی سرووشتی "کۆمەڵکوژ"ـە.

ئەم هۆشدارییەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەکاتێکدایە، پلەی گەرمی ئێستای گۆی زەوی 1.5 پلەی سیلیزی لە ئاستی پێش سەردەمی پیشەسازی بەرزترە، ئامانجی زاناکان ئەوەیە پلەکە لەو ئاستە بەرزتر نەبێتەوە بۆ ئەوەی زەوی لە چەندین کارەساتی سرووشتی بەدووربێت.

ئەم هۆشدارییەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەکاتی خستنەڕووی راپۆرتێکی نوێ بوو. لە مانگی ئابی ئەمساڵ رێکخراوەکە راپۆرتێکی دیکەی بڵاوکردەوە و گوتی: "کەشوهەوای دژوار لە ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان تاوەکو لافاوەکان دەرەنجامی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گۆی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوان" پێشبینیشی کرد کە لە دوو دەیەی داهاتوودا پلەی گەرمی 1.5 پلەی سیلیزی تێدەپەڕێنێت.

بڕیارە 31ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ لووتکەی گۆڕانی کەشوهەوا لە گلاسگۆی سکۆتلەندا بەڕێوەبچێت، رۆژی دووشەممە بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، لووتکەکە گرنگتری گەڕی گفتوگۆی نەتەوەیەکگرتووەکانە لەوەتەی رێککەوتنی پاریس لە 2015 کراوە، جۆنسن ئاماژەی بەوەشکرد کە لووتکەی گلاسگۆ ئەو رێککەوتننانە بە مسۆگەری دەهێڵێتەوە کە ئامانج لێیان چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوایە.

دوو هەفتە پێش لووتکەی گلاسگکۆ، رێکخراوی کەشناسی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ئاستی چڕی گازی زیانبەخش ساڵی رابردوو ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە و جیهان زۆر بەدوورە لە ئامانجی هێشتنەوەی پاراستنی پلەی گەرمی لە ئاستێکی سەلامەت.

رێکخراوی بەرنامەی ژینگەیی نەتەوەیەکگرتووەکان ناسراو بە UNEP کە کاری پێوانەکردنی جیاوازییە لەنێوان ئاستی گازە دەردراوەکان لەنێوان دوو کاتی جیاوازدا، لە دوایین راپۆرتی خۆیدا دەڵێت، وڵاتان 7.5٪ی پابەندبوونی خۆیان بە بڕیارەکانی کەمکردنەوەی گازە زیانبەخشەکان بۆ ساڵی 2030 جێبەجێکردووە، بەراورد بە ساڵی رابردوو. بەو پێیە بێت، پێویستە پابەندییەکە بە رێژەی 30٪ بێت بۆ ئەوەی پلەی گەرمی گۆی زەوی لە 2 پلە بووەستێت، هاوکات وڵاتان 55٪ت پابەندییەکە جیبەجێ بکەن تاوەکو پلەی گەرمی لە 1.5 پلە بووەستیت کە بە پلەیەکی تەندروست بۆ هەسارەی زەوی دادەندرێت.

محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بەڵێنی دا بە پێدانی ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.

چەند رۆژ لەمەوبەر و لە "دەستپێشخەری ژینگەی سەوز"ی حکومەتی سعودیە، محەممەد بن سەلمان رایگەیاند سعودیە تاوەکو ساڵی 2030 دەردانی گازە کاربۆنییەکان ساڵانە بە بڕی 278 ملیۆن تۆن کەمدەکاتەوە و بۆ ساڵی 2060 دەردانی گازە ژەهراوییەکان دەگەیێنێتە سفر.

زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©