«پایزی پەتریكێك».

ڕۆمانێکی قەبارە مام ناوەندی٢٩٨لاپەڕەیی (گابرێل گارسیامارکیز)ڕۆماننووس و نوسەری کۆڵۆمبی-جیهانیەو
یەکەم چاپی لەساڵی١٩٧٥و بەزمانی ئیسپانی لێ هاتەبڵاوکردنەوەو لەکاتی دەرچوونیدا
لەزۆرێک لەو وڵاتانەی دیکتاتۆریەت یاسابوو. لەنموونەی( چیلی) هاتە قەدەغەکردن!
«پایزی پەتریكێك».
ڕۆمانێکی جیاوازو داهێنانێکی ئەدەبی ناوازەیە، تابڵۆیەکی بێ وێنەیەو مارکیز تێیدا وێنەی دیکتاتۆرە فاشیست و تۆتالیتارەکان بەرجەستەدەکات،
ڕۆمانێک،نوسەر لەو ڕۆمانەیش وک ئسلۆب و شێوازی هەمیشەیی نوسین کە پێی ناسراوە(واقعی جادویی). حەقیقەت و خەیاڵ، ئستورەو واقع،ئاوێتەو مەعقوڵ و نامەعقوڵیەت تێکەڵ بەیەکتری دەکات و زەمەن و سەردەمەکان لەناو بۆتەی یەکتریدا دەتوێنێتەوەو جادوو لەخوێنەردەکات،
«پایزی پەتریكێك».
ڕۆمانێکە،لەپۆڵینکردنا،دەچێتە خانەی ڕۆمانە سیاسیەکان،
«پایزی پەتریكێك».
ڕۆمانێکە وەک نوسەر وەسفی دەکات باس لەگۆشەگیری دەستەڵات دەکات، باس لە دیکتاتۆریەت دەکات، باس لەهەستی سادیکیانەو چێژبردن لەکورسی پەرستی و چەوسانەوەی خەڵک و قۆرخکردنی دەسەڵات دەکات.

 

ن
نووسەر «پایزی پەتریكێك»ی بەسەر شەش بەش دابەشکردووە، لەهەموو بەشەکان ، حیکایەت و چیرۆک و گێڕانەوەکان دەڕۆنەوە سەر دوڕیانی مەسەلەی دیکتاتۆریەت و بابەتەکانی پەیوەستن بەو پرسەوەو نووسەر تێیدا بەوردی کەسایەتی دیکتاتۆر تەحلیل دەکات و لەخەسڵەتەکانی دیکتاتۆر دەدوێت،
«پایزی پەتریكێك».
چیرۆک و بەسەرهاتی دیکتاتۆرەکانەو نوسەرو دەمانبات بۆ دونیاو جیهانی دیکتاتۆریەت و دیکتاتۆرەکانەوەو
بەزمانێکی نووسینی قورس و لەهەمان کاتدا شیعری و ئەفسوناوی و بەرزو جوانی ئەدەبی جیاوازو لەڕێگەی چیرۆکی ژیانی پەتریکێک، یاخود دیکتاتۆرێک،دیکتاتۆرێکی خەیاڵی، ئەو دیکتاتۆرەی هەڵگری گشت خەسڵەت و ئەخلاقی دیکتاتۆرو ستەمکارەکانی ئەمریکای لاتینەو هەموو سیفەتێکی دیکتاتۆرانەی لێ کۆبوەتەوە ، باس لەدیکتاتۆریەتدەکات ، دیکتاتۆرێک، لەئەمریکای لاتین کە لەکۆتا ڕۆژەکانی ژیانیەتی.
دیکتاتۆرێک ماوەیەکی دوورو درێژو زۆر حوکمدەکات و ژیانێک و تەمەنێکی زۆر دەژیت، لەنێوانی ١٢٢تاوەکو ٢٦٠ساڵ دەژیت و هەرجارەک دەمرێت،دووبارە دێتەوە ژیان و زیندو دەبێتەوە جارێکیتر و بەو شێوەیە چەندجار دەمرێت و زیندودەبێتەوە،بەجۆرێک بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک بەوە بزانێت!
ڕۆمانەکە وەک ئاماژەم بۆکرد، بەکۆتا ڕۆژەکانی دیکتاتۆردەستپێدەکات، ئینجا نوسەر باس لە ڕابردووی لێوان لێو لەسەرکەوتنەکانی دەکات بەسەر دوژمنەکانی، هاوپەیمانێتیە گوماناویەکانی، پەیوەندی سێکسی لەگەڵ دەیان و سەتان ئافرەت لەدەرەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری و خستنەوەی زیاترلە٥٠٠٠مناڵ لەبەرهەمی ئەو هەمووو پەیوەندیەسێکسیانەی، ئەو دیکتاتۆرەی جگە لەمناڵێکی کوڕ، لەتاقەژنی شەرعی(لیتیسیا) کە هەرلەکاتی لەدایک بوونیەوە ناوی دەنێت سەرکردەو جەنەڕاڵی هەرێم ، هیچیتر لەو ٥٠٠٠هەزار مناڵە بەهی خۆی نازانێت، ئەو دیکتاتۆرە توندوتیژەی تیرۆرو توندوتیژی لەلوتکەدایەو هیچ کەسێک لە ژێردەستەکانی، لەخەڵک، بوێری ئەوە ناکات ڕووبەڕووی ببێتەوەو هەوڵی لابردنی بدات لەدەسەڵات،
دیکتاتۆرێک ،یەک چرکەساتیش لەدەسەڵاتی خۆی و مانەوەی خۆی دڵنیا نییەو ترسی کودەتا لێی بووە بەفۆبیاو کابوسێکی تۆقێنەرو هەردەم لەگەڵیدا دەژیت و ڕۆحی دەگوشێت و دەورو بەری خۆی و کۆشکی کۆماری و سەرۆکایەتیەکەی بە دنیایەک پاسەوان تەنیوەو بەردەوام بە وەزیرەکەی دەڵێت وەزع چۆنە؟ وەزیری بەرگریەکەیشی پێی دەڵێت مەترسە وەزع ئارامە!

 

ئەو هەر لەدەرەنجامی ئەو فۆبیایەشەوەو لەترسی تیرۆرکردنی، کەسێکی هاوشێوەی خۆی لەشێوەو هەموو شتێکی، ڕادەسپێرێت تاوەکو لەجیاتی ئەو بەژداری کۆڕو کۆبوونەوەکان،مۆرکردنی گرێبەست و بۆندەئابووری و دیپلۆماسی وسیاسی و سەربازیەکان ،کەرنەڤاڵ و پێشوازیەکان و هەموو کارە پێویستەکان بکات،
ئەو دیکتاتۆرەی دەیان دیکتاتۆریتری وڵاتانی دەوروبەر، لەو ژەنەڕاڵە ئینقیلاب چی و سەرۆکە دیکاتۆرانەی لابراون، یاخود کودەتای سەربازیان بەسەرداکراوە،ڕایان کردوەو جەنابی دیکتاتۆری مەزن پەنای داون و لەدەوروبەری خۆی و لەسەر خوانی دیکتاتۆرییەت و چێژو خۆشگوزەرانی، کۆکردوەنەتەوەو پێکەوە خەریکی یاری دۆمینەن،ئەو دیکتاتۆرانەی ئەلبوومی وێنەی یادگارییەکانیان و جانتای دۆلارو سندوقی ئەو هەموو دراو پارە بێ شۆمارە دزراوانەی لەگەڵ خۆیان لەوڵاتەکانیان کە لە قوتی خەڵک و گەل دزیویانە، هێناویانەو لەپاڵخۆیان دایانناوەو لێرە لەگەڵ بەڕێز پەتریک خەریکی گاڵتەو گەپ و نوکتەبازی و ڕابواردن و یاریکردنن.
دیکتاتۆرەکەمان
کەسێکی نەخوێنەوارەو نازانێت بخوێنێتەوەو بنووسێت و بە مۆر لەجیاتی ئیمزای پێنووس ،مۆری هەموو جورە قانونەکان و ڕێوڕەسمەکان و گرێبەستەکانی دەکات،
ئەوهێز لەدایکی(بندسیۆن فارادۆ) وەردەگرێت و نازناوی دایکی نیشتمان و سیفەتی خاتونی پیرۆزی نیشتمانی بەدایکی بەخشیوە،ئەو دایکەی کاتی خۆی جگە لەئامێرێکی دورمان چیتری نەبوو، ئێستا لەسای دەسەڵاتی کۆڕەکەی و لەسەر حیسابی قوتی خەڵکی ڕەش و ڕووت وداماو ستەم لێکراو بەشخوراودا، غەرقی مەلەزات و نازو نیعمەتەکانی ناو کۆشکی سەرۆکایەتی بووە،ئەو دایکەی باوەڕ بەچاوەکانی خۆی ناکات کە کوڕەکەی ئێستا وەک سەرۆکی وڵات دەبینێت و دەڵێت گەر بمزانیبوایە کوڕەکەم دەبێت بەسەرۆک کۆمار، ئەوە دەمناردە بەر خوێندن و فێری خوێندنەوەو نووسینم دەکرد.بەو شێوەیه لەڕێگەی ئەو دیکتاتۆرەوە مارکیز
گوزارشت لە کۆمەڵێک کەسایەتی و سەرکردەی دیکتاتۆری ڕاستەقینەی جیهان لەنموونەی جەنەڕاڵ فرانشیسکۆ فرانکۆ لە ئیسپانیا، گۆستاڤ ڕۆخاس پینیلا لەکۆڵۆمبیا،خوان ڤنسنتە گۆمێز لە ڤەنزوێلا،ئەناستاسيو سۆمۆزا لە نیکارگوای،رافائيل ليونيداس ترۆخيۆ مۆلينای دیکتاتۆری کۆماری دۆمینیکان ..تاد.
نوسەر باس لەدیکتاتۆریەتێک دەکات، ئەو کاتەی سەرۆکی وڵاتە دەگات بەلوتکەی دیکتاتۆریەت و هەموو دەسەڵاتەکان لەدەستی خۆی کۆدەکاتەوەو یاری بە یاساکان و ژیانی خەڵک و ئێستاو ئاییندەی نیشتمان دەکات، ئەوکاتەی سەرۆک خۆی لێدەبێت بەخواوەند و دەڵێت(من خواوەندم و بژیت من و بمریت بمرن هەموو قوربانیەکان)و پلەی پیرۆزی و ڕەهایی و سەرو ڕەخنەیی بەخۆی دەبەخشێت و ئیتر کەس بۆی نییە قسە لەسەر پیرۆزی سەرۆک بکات و ڕەخنەله چەوتیەکانی بگرێت و باس لەسنورێک بکات، لەبەرامبەر ئەو ڕەهاگەرێتیەی جەنابی سەرۆک و حەزرەتی پەتریك! و هەموو شتەکان لەپێناو دەسەڵاتی خۆی تەوزیف دەکات و هەموو سێکتەرەکانی ژیان لەوڵات بۆ خزمەتی خۆی بەکاردێنێت و لەهەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ، پۆل پۆل لە کاهین و ئەستێرەناسان و پیاوانی ئایینی، مامۆستایان، هونەرمەندان، ئەفسەرو جەنەڕاڵەکان، سیاسەتمەدارو ڕۆشنبیرەکان ..تاد. دێن و پیرۆزی لێوەلدەگرن و جەنابی دیکتاتۆری هێژا و پەتریكی بەڕێز تەفەڕوكی خۆی بەسەریاندا پەرش و بڵاو دەكاتەوە .
بەو شێوەیە دیکتاتۆری ئازیز، هەموووان ڕام و کۆنتڕۆڵ دەکات و کورسی دەسەڵات بۆخۆی و خانەوادەو بنەماڵەکەی تاپۆ دەکات و بۆ دوای مردنی خۆیشی، کوڕەکەی خۆی وەکو وەلی عەهدو جێگەرەوەی خۆی بۆ کورسیەکەی داناوە،لادان لەو یاسای جێگرەوەو وەلی عەهدەیەش، لادانە لەویستی خواوەندە، چونکە سەرۆکی دیکتاتۆر بەرجەستەکەری ئیرادەی خواوەندە، ئەو سێبەری ئاسمانە لەسەر زەوی،
خواوەندە پیرۆزی پێ بەخشیوە،بگرە ئەو خۆی لێدەبێت بەخوداوەند! بەو شێوەیە لەدوای مردنی هەر دیکتاتۆرێک بە شێوەی بۆماوەیی و ویراسی وەکو میرات،بەردەوام و بێ بڕوانەوە دێکاتۆرێکی تر و کۆپیەکی تری هاوشێوەی ئەوەکەی پێشەخۆی شوێنی دەگرێتەوەو دیکتاتۆریەت لەناو بەرگی وەلی عەهددا درێژە بە بوونی خۆی دەدات و دووبارەو دەبارەو سەتبارە خۆی دووبارەو نمایش دەکاتەوەو دەبێت بەقەدەرو هێزێکی بان سروشتی و بەرگی قوداسەت و پیرۆزی لەبەردەکات و بۆ ئەبەد دەیەوێ بەو شێوەیەبمێنێت و دەسەڵات قۆرخ و مۆنۆپۆڵ بکات و هەموو سەردەم و سات و چاخەکان ببڕێت و کورسی حوکمڕانی بەرنەدات!
دیکتاتۆرێک ، هەرشتێک بێتە سەر ڕێگا دیکاتۆریەکەی و ببێت بە کۆسپ و ڕێگر لەبەردەم حەزە دیکتاتۆریەکانی، بەئاگرو ئاسن ڕووبەڕووی دەبێتەوەو لەناوی دەبات و دەیسڕێتەوە، دیکتاتۆرێک، لەپێناو کورسیەکەی و دەسەڵاتەکەی و مانەوەی هەمیشەیی لەجڵەوی حوکمڕانێتیدا،جەنگێکی سەرتاسەری لەدژی هەموان بەرپادەکات،دەبێ هەموو ئەوانە بمرن کەهەوڵدەدەن ئەو لەدەسەڵات لابەرن، دەبێ هەموو ئەوانەی نەمێنێنن کە بیر لەنەمانی ئەو دەکەنەوە لەهەڕەمی دیکتاتۆریەت و لەسەر کورسی دیکتاتۆرییەت، بەو شێوەیە دەبێ لەپێناو مانەوەی ئەو لەناو بچن، هەموان بمرن،
گرنگ ئەو سەلامەت بێت و لەپۆپی دەسەڵاتدا بمێنیتەوە!
ئەودیکتاتۆرەی بەهەموو شێوەیەک گەلەکەی دەچەوسێنێتەوە لەپێناو مانەوەی خۆی، گەل برسی دەکات، لەپێناو خۆشگوزەرانی و زگی خۆی، هەموان ئازار دەدات بۆ ئارامی و چێژی خۆی،دیکتاتۆرێک، درۆدەکات، ستەم دەکات، فێڵ دەکات، ناپاکی دەکات،دزی و گەنداڵی دەکات، تاوان ئەنجام دەدات، خەڵک دەکوژێت و خوێنیان دەڕژێنێت، زیندانیان دەکات، دەیانکات بەکۆیلە، هەموو ئەو کارە قێزەونانەو دەیان و سەتانی تریش دەکات، گوایە هەمووی لەپێناو نیشتمانە، بۆ پاراستنی سەروەری خاکە،بۆ مەسڵەحەتی گەلە!
دیکتاتۆرێک لەکۆتاییدا و لەقۆناغی گەیشتن بە لوتکەی دیکتاتۆریەتدا،خۆی لێ دەبێت بە خودی نیشتمان،کەواتە چیتر ئەوەی دژی حەزو ئارەزو دیکتاتۆریەتەکانی و دەسەڵات و دزی و کارەقێزونەکانی ئەو بێت، ئەوە ڕێک و بێ گومان، دژی نیشتمانە، دژی خاک و سەروەری خاک و پیرۆزیەکانی وڵاتە،ئێ کەواتە ئەوەی دژایەتی جەنابی دیکتاتۆری ڕێزدارو ئازیز بکات، ئەوە بەدڵنیاییەوە دژایەتی بەهاکان و پیرۆزیەکانی نیشتم

ان دەکات، هەرکەسێکیش دژایەتی نیشتمان و پیرۆزی و بەهاکانی نیشتمان بکات، ئەوە بەدڵنیاییەوە بێ ئەمەک و سپڵەو ناپاکە لەبەرامبەر نیشتمان، ناپاک و سپڵەو بێ ئەمەکیش شوێنی یا بەندنیخانەیە، یاخود پەتی سێدارە، یا دەبێ خێرا پێشەوەی جەنابی نیشتمانی پیرۆز(دیکتاتۆری باڵا).بیگرێت، فریای خۆی بکەوێت و ڕاکات و ئەو نیشتمانە ئەتکراو کەرامەت وروشێندراو دەستبەسەرداگیراوزەوتکراوە جێ بێڵێت و لەتاراوگەو ژیانی غەریبی و دوورە وڵاتی بگیرسێتەوەو هەر لەوێش لەگەڵ ئازاری دورە وڵاتی و ئاخ و ئەفسوس کێشان بۆ نیشتمانە داگیرکراوەکەی سەربنێتەوە.

......
شەماڵ بارەوانی

 

 

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©