لە سودان کودەتاى سەربازى رویدا و سەرۆک وەزیران و چوار وەزیر دەستبەسەرکراون، خزمەتگوزارى ئینتەرنێت و فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى خەرتومى پایتەخت داخران.

بەپێى هەواڵى میدیا جیهانییەکان. لەلایەن گروپێکى سەربازییەوە کودەتاى سەربازى لە سودان رویداوە و لە ئێستادا لەلایەن هێزێکى نەناسراوەوە، عەبدوڵا حەمدوک سەرۆکی وڵات دەستبەسەرکراوە و ژمارەیەک وەزیری حکومەتەکەشی دەستگیرکراون.

ئاشکراشیان کردووە، هێزێکى زۆرى ئەمنى لە خەرتومى پایتەخت بڵاوەى پێکراوە و فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى خەرتوم داخراوە و هێڵەکانى ئینتەرنێت راگیراون.

بەپێى زانیارییەکان، گروپە سەربازییەکە لە کاتەکانی بەیانی سەرکردەی ئەو پارتانەیان دەستگیرکرد کە هاوبەشی حکومەتی هاوپەیمانیین و وڵات بەڕێوەدەبان.

لە دوای هەڵمەتی دەستگیرکردنەکە لە خەرتومی پایتەخت خۆپیشاندان دەستی پێ کردوە و خۆپیشاندەران لە هەندێک ناوچەدا، رێگای هاتوچۆیان داخستووە و تایەی ئۆتۆمبێل دەسووتێنن.

هاوکات وەزارەتی راگەیاندن لە سوودان رایگەیاند کە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی سەروەری و ژمارەیەک وەزیری حکوومەتی راگوزەر لەلایەن هێزە سەربازییەکانەوە دەستگیرکراون.

دواى ئەوەى لە ساڵى (2019) لەژێر فشارى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى عومەر بەشیر لە دەسەڵات دورخرایەوە، لایەنەکان لەسەر حکومەتێکى راگوزەر رێککەوتن تا ئەو کاتەى لە ساڵى (2023) هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن، بەڵام کێشەکان بەردەوامیان هەیە و مانگێک پێش ئێستاش سودان لە هەوڵێکى کودەتا رزگارى بوو.
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©