رۆبەرت مالی، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران رۆژی هەینی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لەبارەی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران کۆبووەوە. 

دوای کۆبوونەوەکە، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا داوای لە ئێران کرد، چالاکییە ئەتۆمییەکانی کەمبکاتەوە و هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بکات. 

وڵاتانی رۆژئاوا نیگەرانن لەوەی کە ئێران بە زیادکردنی ئاستی پوختەکردنی یۆرانیۆم لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نزیک بێتەوە. بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئێران هەوڵی نەداوە بە نهێنی هەوڵی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بدات. 

رافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەڵێت: "هیچ زانیارییەکم نییە لەسەر ئەوەی کە ئەوان ئەو کارەیان کردبێت. من پشتڕاستم کە چاودێریی هەموو ئەو شوێنانە دەکەم کە ئەوان یۆرانیۆمی لێ دەپیتێنن."

بڕیارە بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم مانگی داهاتوو سەردانی ئێران بکات بۆ ئەوەی هانی حکومەتی ئەو وڵاتە بدات بگەڕێتەوە سەر گفتوگۆکانی چالاککردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی. ئێرانیش دەڵێت، پێویستە ئەمریکا سزاکانی لەسەر هەڵبگرێت بۆ ئەوەی ئەویش لە بەرامبەردا، ئەرکەکانی جێبەجێبکات. 

سەعید خەتیبزادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: "ئامانجی سەرەکیی ئێمە ئەوەیە کە دڵنیابینەوە لەوەی هەموو سزاکان هەڵدەوەشێندرێنەوە و گەرەنتیمان پێدەدرێت کە هیچ کەسی دیکە لە واشنتن هەرگیز نەتوانێت جارێکی دیکە یاریی لەگەڵ جیهان بکات و گاڵتەی پێبکات. ئەم ئەنجامە تەنیا لە رێگەی گفتوگۆی کردەییەوە بەدیدێت."

دوو هەفتە لەمەوبەر، ئەمریکا و ئیسرائیل ئاماژەیان بەوەدا، ئەگەر ئێران نەگەڕێتەوە سەر گفتۆگۆکان، ئەوا پلانی دیکە بۆ رێگەگرتن لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەکاردەهێنن. 

میدیای ئیسرائیل بڵاویکردوەتەوە، ئەڤیگدەر لیبرمان، وەزیری دارایی ئیسرائیل رایگەیاندووە، رووبەڕووبوونەوەی ئێران تەنیا بە کاتەوە بەستراوەتەوە و کاتەکەشی هێندە زۆر نییە. تاوتوێکردنی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، ئامانجێکی سەرەکیی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش بوو بۆ رووسیا.
زۆرترین خوێندراو

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©