ئاژانسی فریاگوزاریی ئیسپانیا رایگەیاند بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئەو وڵاتە بە 28 سەرنشینەوە نقوم بووە، سێ لە کۆچبەرەکان بە زیندوویی رزگارکراون و تەرمی حەوت کۆچبەریش دۆزراونەتەوە، هێشتا 17 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.

رۆژی پێنجشەممە 14-10-2021 بەلەمێکی کۆچبەران لە کەیپ ترەفالگەری رۆژئاوای ئیسپانیا ژێرئاوکەوت، رۆژی شەممە 16-10-2021 گوتەبێژی چاودێرانی کەنارئاوەکانی ئیسپانیا رایگەیاند تەرمی سێ کۆچبەریان دۆزیوەتەوە و دواتریش تەرمی چوار کۆچبەری دیکەیان دۆزیوەتەوە.

بەلەمەکە دوایینجار لە دووری 70 کیلۆمەتر لە شاری کەیپ ترەفالگەر لە لایەن کەشتییەکی بازرگانییەوە بینرابوو. دواتر کەشتییەکە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادارکردبوووە، تیمەکانی فریاکەوتن لە شەوی پێنجشەممەوە تاوەکو هەینی هەڵمەتی گەڕانیان بەدوای سەرنشینانی بەلەمەکە دەستپێکرد.

بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ کاتێک تیمەکانی فریاگوزاری گەیشتبوونە شوێنی بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکە توانیبوویان سێ لە کۆچبەرەکان رزگار بکەن. دواتر تیمەکە تەرمی حەوت کۆچبەریان دۆزییەوە. هاوکات تیمەکانی رزگارکردنی کۆچبەران راشیانگەیاند کە بەلەمەکە 28 کەسی تێدابووە و بەرەو ئیسپانیا بەڕێکەوتووە.
رۆژی هەینی و شەممە تیمەکانی فریاگوزاری بە هەلیکۆپتەر و کەشتییەوە بەردوام بوون لە گەڕان بەدوای کۆچبەرە بێسەروشێنەکان، بەڵام کەسیان بە زیندوویی نەدۆزیەوە.  ئاژانسی چاودێریی کەنارئاویەکانی ئیسپانیاش رایگەیاند کە رۆژی یەکشەممەش هەڵمەتی گەڕانەکە بەردەوام دەبێت. 
هێشتا دیار نییە کە سەرنشینەکان خەڵکی کوێن و لە کوێی باکووری ئەفریقاوە بەڕێکەوتوون.

روودای لەم شێوەیە لە کەناراویەکانی باشووری ئیسپانیا زوو بە زوو بەدیدەکرێن، ئەمەش لەبەر ئەوەی ناوچەکە بووەتە ئامانجی ئەو کۆچبەرانەی کە لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا بە تایبەتیش مەغریب و جەزائیر، دەریای نێوەڕاست دەبڕن بۆ ئەوەی بگەنە ئیسپانیا و دواتریش بچنە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا. 

بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ بەشێکی ئەم بەلەمانەی کۆچبەران  گەرووی جەبەل تارق بەکاردێنن بۆ ئەوەی بگەنە ئیسپانیا، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەم شوێنە نزیکترین خاڵی پەڕینەوەی دوو کیشوەرە کە تەنیا بە دووری 13 کیلۆمەتر هەردوو کیشوەری ئەفریقا و ئەوروپا لەیەکدی جیادەکاتەوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆری بەلەم بەهۆی شەپۆڵی تووندی ئاوەکە تێکدەشکێن.

بەگوێرەی بەرپرسانی وەزارەتی نێوخۆی ئیسپانیا لە نێوان مانگی کانوونی دووەم تاوەکو کۆتایی ئەیلوولی ئەمساڵ زیاتر لە 27 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە کەناراوەکان و دوورگەکانی کەناری لە ئیسپانیا، کە بەو پێیە، بە بەراورد بە پارساڵ رێژەکە 54٪  زیادیکردووە.

هاوکات رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچبەران رایدەگەیێنێت، کە لە ساڵی 2021 دا لانیکەم هەزار و 25  کۆچبەر لە کاتی هەوڵدانیان بۆ گەیشتن بە ئیسپانیا خنکاون.

بابەتی زیاتر

سەرجەم مافەکانی پارێزراوە KNA . Copyright 2020 - Knanews.net ©